بەڕێوەبەرایەتی گشتیی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، لەسەر داوای دامەزراوە ئەمنییە فیدراڵییەکان هاووڵاتییەکی هەڵگری پاسپۆرتی تورکی بەناوی حەسەن ئۆزگونێش گەڕێندراوەتەوە و ئەم بڕیارە هیچ پەیوەندی بە حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە نییە.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، “لەسەر داوای دامەزراوە ئەمنییە فیدراڵییەکان، بڕیاری قەدەغەی گەشتکردن بۆ ناو عیراق لە سەر کەسێک بە ناوی (حەسەن ئۆزگونێش) کە هەڵگری پاسپۆرتی تورکییە دانراوە و لە گشت فرۆکەخانە و دەروازە سنوورییەکانی عیراق بەوانی هەرێمی کوردستانیشەوە بڵاوکراوەتەوە”.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر ئاماژەی بەوەشکردووە، لە کاتی گەیشتنی ناوبراودا بۆ فڕۆکەخانەکەیان بەڕێزەوە مامەڵەی لەگەڵ کراوە و گەڕێنداروەتەوە و ئەم بڕیارە هیچ پەیوەندی بە حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە نییە.