فراکسیۆنی پارتی داوا دەکات پەرلەمانی کوردستان کۆمیسیۆن کارا بکاتەوە

فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان داوا لە دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان دەکات، تاوەکو 18ـی ئایار لە کۆبوونەوەیەکی پەرلەماندا کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان کارابکرێتەوە بۆ ئەوەی شەش مانگ کات لەبەردەم کۆمیسیۆنەکەدا بمێنێت بۆ هەڵبژاردن، لەو کاتەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ هەڵبژاردن دیاری کردووە.

رۆژی یەکشەممە، 30ـی نیسانی 2023، فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان داوای لە دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان کرد، “لە نزیکترین کاتدا دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان بۆ ئەرکەکانی بە مەبەستی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان پێکبهێنێت”.

لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە: “ئاماژە بە فەرمانی هەرێمیی رێزدار سەرۆکی هەرێمی کوردستان ژمارە 90 لە 26-3-2023 بە دیاریکردنی رۆژی 18-11-2023 بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و فەرمانی رێزدار سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کورستان بە ژمارە (1474) لە 16-4-2023 بۆ راسپاردنی لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی ئەنجامدانی هەڵبژاردن. ئاماژە بە یاسای ژمارە 12ـی ساڵی 2022، یاسای بەردەوامبوونی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان، پێویستە پەرلەمانی کوردستان لەماوەی دیاریکراودا هەنگاوە پەرلەمانییەکانی بنێت و ئەرکەکانی بەجێبگەیێنێت بۆ تەواوکردنی رێکارە یاساسایی و کارگێڕی و هونەرییەکانی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد و جێتمانە و دەستبەری تۆماری بایۆمەتری پاک و بێگەرد بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا”.

فراکسیۆنی پارتی داوا لە سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان دەکات، “لە نزیکترین کات”دا پەرلەمانی کوردستان بۆ ئەم ئەرکانەی خوارەوە کۆببێتەوە:

1- لە دانیشتنی رۆژی 14-3-2023 بڕیاری پێکهێنانی لیژنەیەک دراوە و ئەرکەکانی لیژنەکە کۆتایی هاتووە و پێویستە لە چەند رۆژی ئاییندەدا متمانەدان بە ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمی کوردستان بخرێتە بەرنامەی کارەوە بەر لە 18ـی ئایار، کە دەکاتە 6 مانگ بەر لە وادەی دیاریکراوی هەڵبژاردن، بۆ ئەوەی کۆمیسیۆنێکی کارا هەبێت و بیانووی دواخستنی هەڵبژاردن نەمێنێت.

2- لە ماوەی رابردوودا یەکێک لە بەربەستە سیاسییەکان یاسای هەڵبژاردن بووە، ئێستا لێکتێگەیشتنی ئەرێنی لەنێوان لایەنە سیاسییەکاندا هەیە بۆ هەمواری یاسای هەڵبژاردن و لەم بارەیەوە پارتیمان نەرمی زۆری نواندووە بۆ ئەوەی هەڵبژاردن لەکاتی دیاریکراودا بکرێت، بۆ ئەم مەبەستەش داوا دەکەین سەرجەم ئەو پێشنیازەیاسایانەی لەلایەن فراکسیۆنە جیاوازەکانی پەرلەمانەوە پێشکێشکراوە خوێندنەوەی یەکەمیان بۆ بکرێت و بچێتە نێو پڕۆسەی یاسادانان تاوەکو بەر لە 18ـی ئایار یاسای نوێ لە بەردەستی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمی کوردستاندا بێت و هەڵبژاردن لە کاتی دیارکراودا بکرێت.

ھەواڵی زیاتر