سبەی واژوو لەسەر بڕیاری هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەکرێت

وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی عێراق رایگەیاند، سبەی واژوو لەسەر بڕیاری هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەکرێت.

ئەمڕۆ یەکشەممە، بەنگین رێکانی، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی عێراق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، کێشه‌ ته‌کنیکییه‌کان بۆ هه‌نارده‌کردنی نه‌وتی هەرێمی کوردستان چاره‌سه‌رکراون و له‌ڕووی یاسایی و ته‌کنیکییه‌وه‌ هیچ کێشه‌یه‌ک بۆ هه‌نارده‌ی نه‌وتی هەرێم نه‌ماوه‌.

به‌نگین رێکانی ئاماژەی بەوەکرد، سبه‌ی رێککه‌وتنی ته‌کنیکی بۆ هه‌نارده‌کردنی نه‌وت واژووده‌کرێت و بۆ ئەو مەبەستەش نووسراوێک بۆ دەستپێکردنەوەی هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی هەرێمی کوردستان ئاراسته‌ی توركیا ده‌كرێت.

وەزیری ئاوەدانکردنەوەی عێراق وتی: رێکانی ئاماژەی بەوەشکرد له‌ كۆبوونه‌وه‌ی سێشەممەی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی عێراق تاوتوێی ناردنی شایسته‌ داراییه‌كان بۆ هەرێمی کوردستان ده‌كرێت و زیاتر روونیکردەوە، ماوەی چوار مانگی ئەمساڵ بەغدا هیچ بڕە بودجەیەکی نەناردووە بۆ هەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیرانی عێراقیش پاڵپشتی لەو بابەتە دەکات.

وتیشی، حکومەتی عێراق پارە بۆ هەرێمی کوردستان دەنێرێت، ئەگەر ئێستا بەشێوەی قەرزیش بێت ئەوا دوای پەسەندکردنی پرۆژەیاسای بودجە، لەسەر بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان هەژماردەکرێت.

ھەواڵی زیاتر