لە سلێمانی شەڕە تەقە روویدا؛ بریندار هەن

پەرلەمانتارێکی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، دوو لە پاسەوانەکانی لەکاتی چوون بەدوایدا لە پرۆژەیەکی نیشتەجێبوونی سلێمانی تەقەیان لێکراوە و بریندار بوون. دەشڵێت، “15 کەس تەقەیان لێکردوون.” خاوەنی پرۆژەی نیشتەجێبوونەکەش دەڵێت، سەرەتا پاسەوانەكانی پەرلەمانتارەكە ‏تەقەیان كردووە.

هاوڕێ مەلا ستار، پەرلەمانتاری یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، “نزیکەی 15 کەس تەقەیان لە پاسەوانەکانم کردووە و دوو پاسەوانی بریندار بوون، برینی یەکێکیان سەختە.”

ئەو پەرلەمانتارەی یەکێتی ئاماژەی بەوەش کرد، نازانێت هۆکاری تەقەکردن لە پاسەوانەکانی چی بووە. هاوڕێ مەلا ستار گوتی، “خۆم سەلامەتم، بەڵام تەقە لە ئۆتۆمبێلەکەم کراوە کە چەند پاسەوانێکی تێدا بووە. تەقەکان لەلایەن چەند چەکدارێکی نەناسراوەوە کراون و هێزە ئەمنییەکان رێوشوێنیان گرتووەتەبەر بۆئەوەی تاوانباران دەستنیشان بکەن و بیاندۆزنەوە.”

سامان حاجی فایەق، خاوەنی پرۆژەی نیشتەجێبوونی شاری دایک رایگەیاند، ‏پێشتر ئەو پەرلەمانتارە داوای كردووە لە كڕینی شوقەی پڕۆژەکە داشكاندنی بۆ بكرێت، دوای ئەوەی بۆی نەكراوە ئەو كێشەی دروست كرد و دەشڵێت، “دوێنێ‌ ئەو پەرلەمانتارە بە خۆی ‌و ‏پاسەوانەكانیەوە هاتنەسەر میوانخانەیەكمان، دوای ئەوەی من لەوێ‌ ‏نەبووم، ئەمڕۆ بە شێوەیەكی زۆر ناشرین هاتنە سەر پڕۆژەکە، ‏لەپێشدا پاسەوانەكانی ئەو پەرلەمانتارە دەستپێشخەر بوون لە تەقەكردن ‏‌و پاسەوانەكانیش تەنها وەڵامیان داونەتەوە.”

پەرلەمانتارەکە گومانی ئەوە دەکات کە لەلایەن کۆمپانیایەکی وەبەرهێنانەوە ئەو کارە کرابێت و دەڵێت، “دوور و نزیک لە ماوەکانی پێشوو رەنگە ئاگاداری کارکردنی ئێمە بووبن لەسەر وەبەرهێنی چاوچنۆک و دز و گەندەڵ چۆنە؛ ئەم کۆمپانیایەش کە گومان دەکەم ئەوان تەقەکانیان کردبێت، هەر لەو کۆمپانیا گەندەڵانەن کە ئەم وڵاتەیان قۆرخ کردووە و هەندێک جار دەسەڵاتەکانیان لە پەرلەمان زیاترە.”

ئەوەی بەرامبەر پاسەوانەکانی ئەو پەرلەمانتارەی یەکێتی کراوە، بە گوتەی خۆی، “شتێکی شەخسی نەبووە و بەهۆی کاری پەرلەمانتارییەوە بووە.”

لەبارەی ژمارە چەکدارەکانەوە هاوڕێ مەلا ستار ئەوەی خستەڕوو، پاسەوانەکانی پێیان راگەیاندووە، “سەرووی 15 کەس بوون.” دەشڵێت، بە ژیانی چەکداریدا رۆشتووە و تەقەکردن سێ جۆری هەیە، تەقەکردن هەیە بۆ ترساندنە و هەیە بۆ راگرتنە، بەڵام ئەو تەقەکردنانە “بۆ کوشتن بوون و گولـلەکان بەر سەر و قۆڵی پاسەوانەکانم کەوتوون.”

پەرلەمانتارەکەی یەکێتی جەختی لەوەش کردەوە، ئامانجەکە ئەو بووە، چونکە تەقەکان لە ئۆتۆمبێلی ئەو کراون، گوتیشی، “چاوەڕێی دامودەزگا حکومییەکانن بۆئەوەی لێپێچینەوەی یاسایی لەگەڵ ئەو کەسانە بکەن، دەنا ئێمەش ئەوەندە بەشخوراو نین بێن تەقە لە کەسوکار و پاسەوانەکانمان بکەن.”

خاوەنی پرۆژەی شاری دایك ‏باسی لەوەش كرد دوای رووداوەكە لەلایەن ‏هێزە ئەمنییەكانەوە هەردوو لایەنی تەقەكەرەكە دەستگیر كراون.‏

ژێدەر

رووداو

ھەواڵی زیاتر