ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەڵێت، هێلیکۆپتەرەکانی هەفتەی رابردوو لەنێوان رۆژئاوای کوردستان و سلێمانیدا فڕیون بەبێ ئەوەی دەزگا فەرمییەکانی هەرێمی کوردستان ئاگاداربکەنەوە.
لە راگەیەنراوێکدا رۆژی یەکشەممە 19ـی ئاداری 2023، ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: “هێزەکانی سووریای دیموکرات رایانگەیاندووە دوو هێلیکۆپتەر کەوتوونەتە خوارەوە و نۆ ئەندامیان گیانیان لەدەستداوە، بەڵام “ئێمە تەنیا کەوتنە خوارەوەی یەک هێلیکۆپتەر و گیانلەدەستدانی حەوت کەس پشتڕاست دەکەینەوە”.
بەگوێرەی راگەیەنراوەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، “ئەو هێلیکۆپتەرانە لە نێوان رۆژئاوای کوردستان و سلێمانیدا فڕیون بەبێ ئەوەی دەزگا فەرمییەکانی هەرێمی کوردستان ئاگادار بکەنەوە”.
ئەنجومەنی ئاسایش دەڵێت: “بەگوێرەی زانیاری و بەڵگەی بەردەست، ئەو هێلیکۆپتەرانە لە چەند بنکەیەکی سلێمانی دادەبەزن و بەرەو رۆژئاواش دەفڕن. زانیارییەکان ئەوە دەردەخەن کە لایەنێک لە سلێمانی بەشێوەیەکی نهێنی و نافەرمی رێگەخۆشکەر بووە بۆ پەیوەندییەکانی هەسەدە و پەکەکە و بە چەندین جۆری جیاواز هاوکارییان کردوون”.
لە کۆتایی راگەیەنراوەکەدا کە پەیجی دژە تیرۆری کوردستان بڵاویکردووەتەوە، هاتووە: “داوا لە هاوپەیمانان و حکومەتی فیدراڵیی عێراق دەکەین روونکردنەوە بدەن کە ئەم هێلیکۆپتەرانە بە کام مۆڵەت بە ئاسمانی خاکی هەرێمی کوردستاندا دەفڕن. کێ بەرپرسیارییەتی ئەم کارە نایاساییەیان هەڵدەگرێت؟”