بافڵ تاڵەبانی بە جلی هێزەکانی “دژەتیرۆری هەسەدە”ـەوە دەردەکەوێت

لە نوێترین دەرکەوتنی دا، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە نیوەڕۆخوانێکدا لە سلێمانی بە جلێکی سەربازیی هێزێکی دەرەوەی هەرێمی کوردستان و عێراق دەرکەوت، کە جلی هێزەکانی دژەتیرۆری سەربە هێزەکانی سووریای دیموکرات -هەسەدە بوو. 

رۆژی هەینی، 17-3-2023، بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە هاوینەهەواری سەرچناری شاری سلێمانی نیوەڕۆخوانێکی بۆ بەشێک لە لایەنە سیاسییەکان سازکرد و تێیدا بە جلێکی جیاوازەوە دەرکەوت، کە جلێکی تایبەت بە هێزەکانی دژەتیرۆری هێزەکانی سووریای دیموکرات -هەسەدە یە لە رۆژئاوای کوردستان.

بافڵ تاڵەبانی کە زۆر جار بە جلی سەربازییەوە دەردەکەوێت، تەنانەت لە دیدار و کۆبوونەوە فەرمییەکانیش، بەڵام یەکەم جارە بە جلێکی سەربازیی تایبەت بە هێزێکی دەرەوەی هەرێمی کوردستان و عێراق دەردەکەوێت. ئەو جلەی ئەمڕۆ بافڵ تاڵەبی لەبەری کردبوو، رەنگی رەشە و لۆگۆی (Y.A.T)ـی لەسەرە.

بەپێی بەدواداچوونەکان، دەرکەوتنی بافڵ تاڵەبانی ئەمڕۆ لە هاوینەهەواری سەرچنار بووە و ژمارەیەک لە حیزب و لایەنە سیاسییەکان و سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی بۆ نیوەڕۆخوانێک بەبۆنەی یادەکانی مانگی ئادار و جەژنی نەورۆزەوە بانگهێشتکردبوو.

ئەو هێزەی بافڵ تاڵەبانی جلە سەربازییەکەی لەبەرکردوون، لە یەکینەکانی پاراستنی گەل و یەکینەکانی پاراستنی ژن پێکدێت و لە ساڵی 2017 دامەزراوە، لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە ژمارەیەک راهێنان و مەشقیان پێکراوە و هاوکاری دەکرێن.

دەرکەوتنی بافڵ تاڵەبانی بەو جلەوە لەدوای دوو رۆژ دێت لە کەوتنەخوارەوەی “دوو هێلیکۆپتەر” لە سنووری پارێزگای دهۆک کە ئەمڕۆ هەسەدە لە راگەیێندراوێکدا ئەوەی پشتڕاستکردەوە کە ئەو دوو هێلیکۆپتەرە ژمارەیەک هێزەی دژەتیرۆی سەر بە ئەوانی گواستووەتەوە بۆ سلێمانی و بەهۆیەوە “9شەڕڤان شەهید بوون.”

بەگوێرەی راگەیەنراوەکەی هەسەدە، ئەو هێزەیان لە “چوارچێوەی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر” و لەپێناو ئاڵوگۆڕی زانیاریی هەواڵگری و سەربازی بۆ پاراستنی دانیشتووانی رۆژئاوای کوردستان بەرەو شاری سلێمانی لە باشووری کوردستان دەچوون، بەڵام لە رێگەدا و بەهۆی خراپیی کەشوهەواوە دوو هێلیکۆپتەرەکە تێکشکان و بەهۆیانەوە 9 کەس گیانیان لەدەستدا.

ژێدەر

رووداو

ھەواڵی زیاتر