سوودانی بۆچی لە فەرەنسایە؟

نووسینگەى رۆژنامەوانیى سەرۆکوەزیرانى عێراق ئەجێنداى سەردانەکەى محەممەد شیاع سوودانى بۆ فەرەنسا بڵاوکردەوە، جگە لە کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆکى ئەو وڵاتە، سوودانی لەگەڵ نوێنەرى کۆمپانیاکانى فەرەنسا کۆدەبێتەوە و چەند رێککەوتن و یاداشتێکى لێکتێگەیشتنیش لە بوارى وەبەرهێنان، وزە و گەڕاندنەوەى پارە براوەکانى عێراق واژۆ دەکەن. 

رۆژی پێنجشەممە، 26ـى کانوونى دووەمى 2023، نووسینگەى رۆژنامەوانیى سەرۆکوەزیرانى عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرایکرد، کە سەردانەکەى محەممەد شیاع سوودانى بۆ فەرەنسا یەک رۆژ دەخایێنێت و لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکى ئەو وڵاتە و نوێنەرى بەشێک لە کۆمپانیاکان و کەرتى کارى فەرەنسا کۆدەبێتەوە. 

بەگوێرەى راگەیەنراوەکە، بەشێکی دیکە لە ئەجێنداى سەردانەکەی سوودانی، پەرەپێدانى هاریکاریى نێوان هەردوو وڵاتە بۆ رەخساندنى دەرفەتى وەبەرهێنان و ئاڵوگۆڕى نێوانیان و پەرەپێدان بە ژێرخانى ئابووریى عێراق.

نووسینگەى رۆژنامەوانیى محەممەد شیاع سوودانى ئاماژەى بەوەشداوە، لەو سەردانەیدا؛ سەرۆکوەزیران رێککەوتنى هاوبەشی ستراتیژی لەگەڵ فەرەنسا واژۆ دەکات کە چەندین دۆسیەى هاریکاریى هاوبەشی نێوانیان لەخۆدەگرێت لە بوارەکانى ئابوورى، وەبەرهێنان، ئاسایش، بنبڕکردنى تیرۆر، ئاڵوگۆڕى کولتوورى و بەدیهێنانى ئاشتى لە رۆژهەڵاتى نێوەڕاست، ئەوە جگە لە هاریکارى لە بوارەکانى دیکەى بەڕێوەبردنى قەیرانەکان و بنبڕکردنى تاوانى ئابوورى و رێکخراو و پاراستنى ژینگە و چەسپاندنى مافى مرۆڤ و کەرتى خوێندن.

یەکێکى دیکە لە ئەجێنداى سەردانەکە واژۆکردنى یاداشتێکى لێکتێگەیشتنە لە نێوان عێراق و فەرەنسا لە بوارى بنبڕکردنى گەندەڵی و گەڕاندنەوەى پارە براوەکانى عێراق و رادەستکردنەوەى داواکراوان بەگوێرەى یاساى عێراقى، ئەوە جگە لە واژۆکردنى چەند یاداشتێکى دیکەى لێکتێگەیشتن لە بوارەکانى وەبەرهێنان لە کەرتى وزە، نەوت، وزەى خاوێن و وەبەرهێنان لە بوارى گازى هاوەڵ.

نووسینگەى رۆژنامەوانیى محەممەد شیاع سوودانى دەشڵێت، لەو سەردانەدا “پرسی پاراستنى ئاسەوارەکان تاوتوێدەکرێن و بەڵگەنامەی عێراقیى فەرەنسی واژۆ دەکرێت لەبوارى شوێنەوار و چاککردنەوەیان”.

26ى کانوونى دووەمى 2023؛ محەمەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق سەردانەکەى بۆ فەرەنسا دەستپێکرد، لەدواى دەستبەکاربوونى لە 27ى تشرینى یەکەمى 2022، ئەوە پێنجەم سەردانی سوودانییە بۆ دەرەوە لەدواى سەردانکردنى هەریەک لە وڵاتانى کۆمارى ئیسلامیى ئێران، ئەڵمانیا، ئوردن و سعودییە.

رووداو

ھەواڵی زیاتر