مەسرور بارزانی پێشوازى له‌ كونسولى نوێى به‌ريتانيا دەکات

ئه‌مڕۆ پێنجشەممە 1/26 مەسرور بارزانى سه‌رۆكى حکومەتی هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له‌ ڕۆزى كه‌يڤ كونسوڵى گشتيى نوێى به‌ريتانيا له‌ هه‌رێمى كوردستان كرد. 

سه‌رۆكی حکومەت پيرۆزبايى ده‌ستبه‌كاربوونی لێکرد و هيواى سه‌ركه‌وتنى لە ئەرکەکەیدا بۆ خواست و هەموو پشتگيرييه‌كى حکومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ کونسوڵی نوێ دەربڕی لە پێناو برەودانی زیاتر بە پەیوەندیی بەهێزی نێوان بەریتانیا و هەرێمی کوردستان. 

كونسوڵى گشتيى نوێى به‌ريتانيا،  سوپاسی هاریکاری و هاوئاهەنگیی  دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی لەگەڵ کونسولخانەی وڵاتەکەی کرد و خواستی پەرەپێدانی زیاتر بە پەیوەندیی هەمەلایەنە لەگەڵ هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە . 

تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە، تایبەت بوو بە گرنگیی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان. سەرۆکی حکومەت جەختی لەوە کردەوە، کە پێویستە پرۆسەی هەڵبژاردن لە کاتێکی گونجاوی ئەم ساڵەدا ئەنجام بدرێت و بۆ ئەم مەبەستەش، حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەموو ئامادەکاریی ئەنجامدانی هەڵبژاردن دەکات و پێداویستییەکانی دابین دەکات.

ھەواڵی زیاتر