نرخی نەخۆشخانە ئەهلییەکانی کەمکرایەوە

وەزارەتی تەندروستی نرخی نەخۆشخانە ئەهلییەکانی کەمکردەوە

وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا نرخی نەخۆشخانە ئەهلییەکان سنوورداربکات و   بڕیاریدا نرخی مانەوەی تووشبووانی کۆرۆنا بۆ 40-50٪ کەم بکاتەوە.

وەزارەتی تەندروستی فەرمانێکی وزاری دەرکردووە و نووسیویەتی”لەبەر بەرژەوەندی گشتیی و لە پێناو پاراستنی مافی نەخۆش و رەچاوکردنی رەوشی خزمەتگوزاری چارەسەری نەخۆشانی کۆرۆنا و بە لەبەرچاوگرتنی باروگوزەرانی هاووڵاتییان و رەوشی ئابووری کوردستان، پاڵپشت بە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزارەت لە 8.8.2020 و کۆبوونەوەی لیژنەی راسپێردراوی وەزارەت، دوای راوێژکردن چەند بڕیارێک دران”.

بڕیارەکانی وەزارەتی تەندروستی بەمشێوەیەن:-

1.سنووردراکردن و یەکسانکردن و دانانی نرخی خزمەتگوزارییەکانی تایبەت بە چارەسەرکردنی نەخۆشانی کۆرۆنا لە کەرتی تایبەت و نەخۆشخانەی ئەهلی، بە رەچاوکردنی مەترسی لەسەر ژیانی پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی.

2.کەمکردنەوەی نرخی خزمەتگوزاری تایبەت بە چارەسەرکردنی نەخۆشانی کۆرۆنا لە نەخۆشخانە تایبەتەکان بە رێژەی 40-50٪ لە کۆی گشتی خزمەتگوزارییەکان بە گوێرەی چارەسەر.

3.بەڕێوەبەرایەتی پشکنین و بەدواداچوون، بەدواداچوونی رۆژانە و بەردەوام دەکەن بۆ پابەندبوون.

4.نرخەکانی پشکنینی پزیشکانی پسپۆڕ لەلایەن سەندیکای پزیشکان دیاری دەکرێت.

5.تیمی پزیشکی گەڕۆک بۆ ماڵان بەبێ رەزامەندی و رێگەپێدانی وەزارەت قەدەغەیە.

6.بۆ هەر سکاڵایەک هاووڵاتییان دەتوانن پەیوەندی بە ‌هێڵی گەرم بکەن.

7.ئەم فەرمانە لە رۆژی دەرچوونییەوە کاری پێدەکرێت و سەرپێچی و کەمتەرخەمی بەدەر لە نرخەکانی بڕیاردراوە، رێکاری یاسایی دەگیرێتەبەر.

ھەواڵی زیاتر