بافڵ تاڵەبانی ڕایگەیاند کە «عەبدوڵا كوێخا موبارەك رێگربوو، لەماوەی شەوو رۆژێكدا كرا بە ژەنەراڵ، میلیشیاكەشی كرایە بەشێك لە دامەزراوەكان»
لە بەرامبەردا عەبدوڵا كوێخا موبارەك وتی: «بەڵێ ڕێگر بووم، بەڵام ڕێگری لە چی؟ بەڵێ هێزەكەمان كردە هێزێكی نیزامی لادان لە حەقیقەت خۆكوژیەو شێتیە ئەما شێتی»
بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ (IRAQ OIL REPORT) رایگەیاند، كەسێك هەیە ناوی عەبدوڵای كوێخا موبارەكە خەڵكی چەمچەماڵە، كەسێكی نزیكی ئەم پیاوە تێوەگلاوە لە كوشتنی ئەفسەرێكی ئاسایش، ئەمە بە بەڵگەی ڤیدیۆیی لای ئاسایش هەیە، بەڵام یاداشتی دەستگیكردنی عەبدوڵای كوێخا موبارەك چی بەسەر هات؟ بۆچی دەستگیرنەكرا؟ دۆسیەكە رەوانەی دادگای هەولێر كراو لەوێ بەشێوەی عەشایەری چارەسەر كرا، كارەكە هەر لێرەدا رانەوەستا، لەنێوان شەو و رۆژێكدا ئەم پیاوە رێگرە كرا بە ژەنەراڵو میلیشیاكەشی بوو بە بەشێك لە دامەزراوەی ئەمنیی هەرێمی كوردستان، ئەمە شێتییە.
لە بەرامبەردا عەبدوڵا كوێخا موبارەك ڕایگەیاند، بەڵێ ڕێگر بووم، بەڵام ڕێگری لە چی؟ با خەڵکی کوردستان و چەمچەماڵ بە ویژدانەوە وەڵامی ئەمە بدەنەوە.
بەڵێ ژەنەڕاڵم، بەڵام ھی ئێستا نا، بەڵکو لەسەردەمی باوباپیرانم و لە شۆڕشە یەک لە دوای یەکەکانی گەلی کوردەوە.
بەڵێ ھێزەکەمان خستە سەر وەزارەتی پێشمەرگە و کردمان بە ھێزێکی نیزامی لە چوارچێوەی پرۆسەی چاکسازیدا و ئەوە جێگای شانازی و شایەنی دەستخۆشیە، چونکە سەلمێنەری ئەوەیە کە بڕوامان بە ھێزی تایبەتی کەسی و حزبی نیە، بەڵام ئەوانە میلیشیا نەبوون، بەڵکو نەوەی ئەنفالکراوان و شەھیدانی چەمچەماڵن، ئەگەر گەنجانی چەمچەماڵ یەک تۆز وشیار بن ئەبێ تێبگەن ئەوە چی سوکایەتیەکە پێیان دەکرێ، تێبگەن بۆ لە ڕابردودا پشت گوێ خرابوون.
سوکایەتی کردن بەو گەنجانە بە ناوھێنانیان وەکو میلیشیا سوکایەتیە بە تەواوی خەڵکی چەمچەماڵ و شەھیدان و ئەنفالکراوانی ئەو سنورە.
ڕەنگە لە ھەڵە و کەموکورتی بەدەر نەبین، بەڵام گرنگ لە ھەر ھەڵە و ڕووداوێکدا ملکەچی یاسا و ئامادەی سزادان بووین، ھیچ کەسێکی غەدر کەر و یاخی لە یاساش بۆی نیە لە پاڵ ئێمەدا خۆی حەشار بدات، ئەوە دادگا و لایەنی پەیوەندیدار ئەتوانن بەدواداچوونی ورد بۆ ئەم قسەیەمان بکەن.
بێ وەفایی و لەبەرچاو نەگرتنی قوربانی دان و تێکۆشانی ڕابردوو، لادان لە لۆژیک و ھەقیقەت، خۆکوژیە و شێتیە ئەمما شێتی.
ژەنەڕاڵ عەبدوڵلا
لە چەمچەماڵ