لەسەر بانگهێشتی فەرمی وەزیری دەرەوەی بەڕیتانیا شاندێکی حکومەتی هەرێمی كوردستان بەشداری له کۆنفرانسی رێگریکردن لە توندوتیژی جێندەری لە ململانێکان له لهندهن دەکات.
ئهمڕۆ شهممه 26ـی تشرینی دووهمی 2022، دیندار زێباری، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان رایگەیاند: لەسەر بانگهێشتی فەرمی وەزیری دەرەوەی بەریتانیا و نوێنەری تایبەتی سەرۆک وەزیرانی بەڕیتانیا بۆ رێگریکردن لە تووندوتیژی جێندەری لە ململانێدا، وەک شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە لە ژمارەیەک دامودەزگای پەیوەندیدار پێکدێت بەشداری لە کۆنفرانسی نێودەوڵەتی دەستپێشخەری نەهێشتنی توندوتیژی جێندەری لە پێکدادانەکاندا (PSVI) دەکەین، کە لە رێککەوتی 28-29ـی تشرینی دووەمی 2022، لە لەندەن بەڕێوەدەچێت.
رێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان هەروەها گوتی: ئامانجی کۆنفرانسەکە چەسپاندنی هەوڵەکانە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارە سەرەکییەکان، لەوانەش ڕزگاربووان، بۆ دەستنیشانکردنی بۆشاییەکان لە وەڵامدانەوەی نێودەوڵەتی بۆ توندوتیژی جێندەری پەیوەست بە پێکدادانەکان، و دەستەبەرکردنی پابەندبوونەکان بە کردەوە لەلایەن حکومەتەکان، ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و کۆمەڵگەی مەدەنی.
لە درێژەی قسەکانیدا، دیندار زێباری گوتی: کۆنفرانسەکە نزیکەی 800 نوێنەر و بەرپرس لە تەواوی جیهان کۆدەکاتەوە کە بریتین لە وەزیرانی دەرەوە، نوێنەرانی کۆمەڵگەی مەدەنی و رزگاربووان.
لە کۆتایی قسەکانیدا، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان رایگەیاند: شاندەکەمان ئەو هەنگاوە کردارییانە بە وەفدە بانگهێشتکراوەکان دەگەیەنێت کە حکومەتی هەرێمی كوردستان بۆ چارەسەرکردن و شیاندنەوەی ژنانی ئێزدی گرتوونیەتە بەر، مکوڕیی حکومەت لە لێپرسینەوە لە تووندوتیژی خێزانی، رزگارکردنی رفێنراوەکان لە دەستی داعش و هەوڵە بەردەوامەکانی دادگاییکردنی تیرۆریستانی داعش بە هاوکاری لەگەڵ یەکگرتوو تیمی لێکۆڵینەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ لێپرسینەوە لە تاوانەکانی داعش، جگە لە بوارەکانی دیکەی پەیوەندیدار بە پێشخستنی مافە تاکەکەسی، سیاسی و کولتووریی ژنان.