پارێزەرانی دۆسیەی ژینا ئەمینی رایانگەیاند، تائێستا رێگەیان پێنەدراوە دۆسیەکەی ببینن و دەزگای دادی ئێران وەڵامی تانەکانیان لە راپۆرتەکەی پزیشکی دادیی ئێران ناداتەوە.
د. ساڵح نیکبەخت، سەرۆکی تیمی پارێزەرانی ماڵباتی ژینا ئەمینی لە بەیاننامەیەکدا کە ئەمڕۆ سێشەممە 08.11.2022 بڵاویکردەوە دەڵێت، چەندینجار داوایان کردووە چاویان بە دۆسیەی ژینا ئەمینی بکەوێت، بەڵام تائێستا رێگەیان پێنەدراوە. هەروەها تانەیان لە راپۆرتی کۆمیسیۆنی پزیشکیی پزیشکی دادی ئێران لەبارەی هۆکاری گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی داوە و داوایانکردووە، کۆمیسیۆنێک بە بەشداری ژمارەیەک پزیشکی شارەزای جێی متمانەی کەسوکاری ژینا پێکبێت، بەڵام تائێستا ئەو داواکارییەشیان پەسند نەکراوە.
پارێزەرانی دۆسیەی ژینا ئەمینی دەڵێن، داوایان کردووە فیلمی کاتی دەستبەسەرکردن و گواستنەوەی ژینا ئەمینی بۆ بنکەی پۆلیسی رەوشتی تارانیان پێبدرێت و هەروەها لێکۆڵینەوە لەگەڵ ئەو چوار پۆلیسەدا بکرێت کە لە ئۆتۆمبێلەکەدا بوون، بەڵام ئەوانەش جێبەجێ نەکراون. ئاماژەیان بەوەشداوە، ماڵباتی ژینا پێداگرن لەسەر وەرگرتنی گوتەی ئەو کەسانەی لەگەڵ ئەو دەستبەسەرکرابوون، بە ئامادەبوونی برا و کچە پووری ژینا کە شایەدحاڵی رووداوەکە بوون.
پارێزەرانی دۆسیەی ژینا دەڵێن، ئەگەر لە قۆناخی سەرەتاییدا لێکۆڵینەوەی تەواو و دادپەروەرانە نەکرێت، رەوتی دادگایی دۆسیەکە بەلاڕێدا دەچێت، بۆیە داوا دەکەن داواکاریی کەسوکار و پارێزەرانی دۆسیەکە جێبەجێ بکرێن. دەشڵێن، ئەگەر بەرپرسانی دادوەری و پۆلیس، پێداگری لەسەر بۆچوونی خۆیان بکەن و ناڕەزایی یاسایی کەسوکاری ژینا لەبەرچاو نەگیرێت، کاریگەری خراپی لەسەر رەوتی دادگاییەکە و متمانەی گشتی دەبێت. پارێزەرانی دۆسیەکە دەڵێن، تەنیا کاتێک دەتوانن کار لەسەر دۆسیەکە بکەن و داکۆکی لە سیستەمی دادوەری ئێران بکەن کە خواستەکانیان لەبەرچاو بگیرێت و جێبەجێ بکرێن.
ژینا ئەمینی لە 16/09/2022 لە تاران گیانی لەدەستدا، دوای ئەوەی سێ رۆژ پێشتری لە بنکەی پۆلیسی رەوشتی تاران تەندروستیی تێکچوو. باوکی ژینا ئەمینی دەڵێت، کچەکەی لەلایەن هێزەکانی پۆلیسەوە لێی دراوە و بەو هۆیە گیانی لەدەستداوە.