سەرۆکی هەرێمی کوردستان واژۆی لەسەر یاسای درێژکردنەوەی تەمەنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان نەکرد، کە بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتاران پەسند کرا.
دوای ئەوەی پەرلەمانی کوردستان بە زۆرینەی دەنگ درێژکردنەوەی تەمەنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی پەسند کرد، دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان یاساکەیان بە نووسراوێکی فەرمی ئاراستەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان کردووە بە مەبەستی واژۆکردن یان رەتکردنەوەی یاساکە، بەڵام بە گوتەی دڵشاد شەهاب، راوێژکاری باڵای سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی، یاساکەی واژۆی نەکردووە.
هەر یاسایەک لە پەرلەمانی کوردستان دەربچێت، بە نووسراوێکی فەرمی ئاراستەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەکرێت بۆئەوەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان رای خۆی لەسەر بدات. سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ ئەو مەبەستە سێ بژارەی لەبەردەمدایە: واژۆکردن، رەتکردنەوە و بێدەنگی هەڵبژاردن.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، واژۆی لەسەر یاساکە نەکردووە، بەڵام رەتیشی نەکردووەتەوە. لەم بارەدا، دوای 15 رۆژ، ئەگەر سەرۆکی هەرێمی کوردستان واژۆی نەکات، خۆکارانە یاساکە جێگیر دەبێت و پێش 06-11-2022 بە واژۆی سەرۆکی پەرلەمان لە رۆژنامەی وەقائیعدا بڵاودەکرێتەوە.
پێشنیازهیاساى بهردهوامبوونی خولی پێنجهمی پهرلهمانی كوردستان له سێ مادده و هۆكارهكانی دهرچوواندنی پێكهاتبوو؛ رۆژی 09-10-2022 بە دەنگی زۆرینەی پەرلەمانتاران و بە 80 دەنگ پەسند کرا.
پێشنیازەیاسای درێژکردنەوەی ئەم خولەی پەرلەمانی کوردستان ناڕەزایی لێکەوتەوە؛ هەریەکە لە فراکسیۆنەکانی کۆمەڵی دادگەری، یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان و نەوەی نوێ، بەشێک لە پەرلەمانتارانی گۆڕان و بەشێکیش لە “سەربەخۆکان” دژی درێژکردنەوەی تەمەنی ئەم خولە بوون.
سەبارەت بە هۆکاری درێژکردنەوەی ماوەی ئەم خولە، سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، “مهبهست له دهرچوواندنی بۆ رێگریكردنه له دروستبوونی بۆشایی یاسایی و دهستوورى و پاراستنی یهكڕیزیی نیشتمانی و ئامادهكاریی زیاتر بۆ ههڵبژاردنی خولی شهشهمی پهرلهمانی كوردستان، لهبهرئهوهی بەگوێرەی یاسای ههڵبژاردنی پهرلهمانی كوردستان – عێراق، ژماره (1)ى ساڵی 1992ی ههمواركراو، رۆژی 06-11-2022 ماوهى خولی پێنجهمی پهرلهمانی كوردستان – عێراق كۆتایی دێت.”
ئەمە هەشتەمین جارە لە مێژووی پەرلەمانی کوردستاندا تەمەنی پەرلەمان درێژ دەکرێتەوە، بە شێوەیەک چوار جار لە خولی یەکەم بەهۆی شەڕی ناوخۆوە درێژکراوەتەوە، جارێک لە خولی دووەم، جارێک لە خولی سێیەم، جارێک لە خولی چوارەم و ئەمجارەش لە خولی پێنجەم تەمەنی درێژکرایەوە.
پێکهاتەکان و بەشێک لە پەرلەمانتارانی گۆڕان لەگەڵ پارتی و یەکێتی بوون بۆ درێژکردنەوەی ئەم خولەی پەرلەمان، بەڵام کۆمەڵ، یەکگرتوو، نەوەی نوێ و بەشێک لە پەرلەمانتارانی گۆڕان درێژکردنەوەی ماوەی ئەم خولەی پەرلەمان بە نایاسایی دەزانن.
ئەمڕۆ سێشەممە 01-11-2022 سەلاحەدین محەممەد بەهائەدین، ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لە تویتەری خۆی بە فەرمی کشانەوەی فراکسیۆنەکەی لە پەرلەمانی کوردستان راگەیاند و گوتی، “ئەم هەڵوێستە جوامێرانەیە بەرز دەنرخێنم و سوپاسی خۆڕاگری و ئەدائی جوانیان دەکەم.”
بڕیار بوو 01-10-2022 هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بکرێت، بەڵام بەهۆی ناکۆکیی لایەنەکان لەسەر هەمواری یاسای هەڵبژاردن، کۆمسیۆن و ژمارەی کورسیی پێکهاتەکان، نەگەیشتنە هیچ رێککەوتنێک و هەڵبژاردن لە وادەی دیاریکراوی خۆی نەکرا.
ژێدەر
رووداو