بڕیارە لەم مانگە سەرۆكوەزیرانی عێراق سەردانی ئەمریكا بكات و لەگەڵ سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا كۆببێتەوە.
فەرهاد عەلائەدین، سەرۆكی ئەنجوومەنی سەنتەرى راوێژكاری عێراقی وتی “دوای دیاریكردنی وادەی كۆبونەوەی موستەفا كازمی، سەرۆكوەزیرانی عێراق لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە 20ی ئەم مانگە، گەڕی دووەمی دانوستاندنی ستراتیژی نێوان عێراق و ئەمریكا دەستپێدەكات”.
وتیشی ” گەڕی دووەمی دانوستاندنی ستراتیژی نێوان بەغداو واشنتن گرنگی زۆری هەیە بۆ دەستنیشانكردنی رۆڵی ئەمریكاو هێزی هاوپەیمانان لە عێراق، پێشبینیش دەكرێت مشت و مڕێكی زۆری لەلایەن ئەو لایەن و كەسانە لێبەكەوێتەوە كە دژی دانوستاندنی ستراتیژی نێوان عێراق و ئەمریكان”.لە 11/6/2020 دانوستاندنی ستراتیژی عێراق ئەمریكا دەستی پێكرد و تیشكخرایە سەر بوونی هێزەكانی ئەمریكا لەسەر خاكی عێراق و ئایندەیان، سەرەڕای تاوتوێكردنی بواری ئابووری و تەندروستی.