مەلا بەختیار، ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەكانی یەكێتی لە نووسینێكدا دانی بەوە دانا كە یەكێتی مارسیدس و چوار لاندکرۆزەری لە ڕژێمی بەعسی هەڵوەشاوەی عێراق وەرگرتووە.
مەلا بەختیار لە هەژماری خۆیدا لە فەیسبووك وتارێكی لە وەڵامی بەرنامەیەكی كەناڵی (مستقلة)ی عەرەبیدا نووسیوە و چەند زانیارییەكی لەبارەی هاوكارییەكانی ڕژێمی بەعس بۆ یەكێتی لە کاتی رێککەوتنەکانی هەشتاکانی نێوان حزبەکە و حزبی بەعس ڕەت كردووەتەوە، بەڵام لە بەشێكی تری وتارەكەیدا دەڵێ: “ئەوەی هەیە و نییە، وەكوو یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، چەند مانگێك بۆ مووچەی پێشمەرگە و مەسرووفات، لە سەرۆكایەتیی كۆمار (مەبەستی سەرۆكایەتیی كۆماری عێراقی سەردەمی سەدامە)، هاوكاریی یەكێتی دەكرا. هاوكارییەكەش دەدرایە مووچە و بودجەی ئۆرگانەكان و پێشمەرگە.”
مەلا بەختیار هەروەها دووپاتی دەكاتەوە كە ڕژێمی بەعس ئۆتۆمبێلێكی مارسیدیسی داوەتە مام جەلال، دەشڵێ: “وابزانم چوار لاندكرۆزەریشی دایە مەكتەبی سیاسیی یەكێتی بۆ هاتوچۆ. مۆڵەتیشیان بۆ كردن لە سەیتەرەكاندا نەیانپشكنن، وەكوو ئەندامی وەفد، هیچ ئەندامێكی وەفدەكە، سەیارەی پێنەدراوە.”
دەقی وتارەکە
(هارون محەمەد) بەعسیەكی فاشی
مێژووی مام جەلال دەشێوێنێ!!
فاشیەت، پێنج خەسڵەتی هەیە، یەكەم: تۆتالیتارییە. دووەم: جوگرافیای سیاسی دەگۆڕێ. سێهەم: مێژوو بەپێی ئایدیۆلۆژیەتی خۆی دەنوسێتەوە. چوارەم: سەرۆك پەرستنو پێنجەمیش: جینۆساید دەسەپێنن.
لەم رۆژانەدا، بەعسیەكی فاشیی، لە كەناڵی (مستقلة) گرتە ڤیدیۆییەكی لەسەر سەرۆك مام جەلالو، وەفدی دانوستاندنی یەكێتی ساڵانی (1983-1985) بڵاوكردۆتەوە. گوایە:
- مام جەلال مانگانە سێ ملیۆن دۆلاری وەرگرتووە.
- وەفدی یەكێتی، هەریەكە سەیارەیەكیان بەدیاری پێدراوە.
قسەی ئەلەقو مەلەقی تری كاوێژی فاشیانە كردووە.. تەنها شایەنی نۆكەرێكی وەكو خۆیەتی، هی وەڵامدانەوە نییە.
جارێ با كەناڵەكە بناسێنین.. (مستقلة) لەدوای روخانی سەدامەوە، وەكو مینبەری بەعسیەكان، بەهەردوو دیوی نەتەوەپەرستیو ئیسلامگەرا، پەخش دەكرێت. خاوەنی كەناڵەكە (هاشم حەمدی)یە، بەعسیەكی تونسییەو لە دوا هەڵبژاردنی تونسدا، لیستەكەی تەنها یەك كورسی هێنا. ئەركی سەرەكی كەناڵەكە، بەزۆریی دژایەتی پێكهاتە جیاوازەكانی وڵاتانی عەرەبیو رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە. ئینجا..
بەندە، لە سێ خولی دانوستاندنەكەدا، ئەندامی وەفدی دانوستاندنی یەكێتی بووم. بۆیە، بۆ مێژوو، لەسەر داخوازی دەیان هاوڕێمو لەپێناوی ئەوەی كاوێژی فاشیانە سەرنەگرێ، وەڵامی دەدەمەوە.
بێگومان، سەبارەت بە سەرۆك مام جەلال، ئەم بەعسییە لەسەر دەستپاكیو بەخشندەیی مام جەلال، دەبێ دەستنوێژ بگرێ، ئینجا بوێرێ توخنی كەسایەتی مام جەلال بكەوێ. مام، لە پارەدا، نمونەی پاكیی بووە. لە بەخشندەییشدا، لەناو سەرانی عەرەبدا، بەخشندەیەكی وای تیا نادۆزرێتەوە.
لەدوای روخاندنی سەدامەوە، سەرجەم بەڵگەنامەكانی دەزگا ئەمنیەكانی عێراق، دەست یەكێتیو پارتی، هەروەها دەست لایەنە سیاسیەكانی تری عێراقیش، كەوتوون.. دونیای سیاسەتیش پڕە لە ململانێو ناكۆكی، هەزاران بەڵگەنامە دژی لایەنو كەسایەتیەكان بڵاوكراوەتەوە. دەی با بەڵگەیەك بڵاوبكەنەوە كە سەرۆك مام جەلال، وەكو مام جەلال، یەك دۆلار و یەك دیناری مانگانەی وەرگرتبێ. یان وەفدەكەی یەكێتی خەڵاتو بەرات كرابن!!
ئەوەی هەیەو نییە. وەكو یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان.. چەند مانگێك بۆ موچەی پێشمەرگەو مەسروفات، لە سەرۆكایەتی كۆمار، هاوكاری یەكێتی دەكرا. هاوكاریەكەش.. دەدرایە موچەو بودجەی ئۆرگانەكانو پێشمەرگە.
سەرۆك مام جەلال.. بۆ شەخسی خۆی.. هەرگیز موچەی نەبووە. قبوڵیشی نەدەكرد موچەی هەبێ. ئەگەر مام جەلال موچەی بۆ دابین بكرایە، بەوپەڕی ئازایەتیو پێداگیری لەسەر مافی كوردستانو كەركوكو خانەقینو ژەنگار، بەرامبەر سەدامو وەفدی دانوستانكاری حكومەت، بێباكانە قسەی نەدەكردو بۆچونە فاشیەكانی لەكاتی گفتوگۆدا، رەتنەدەكردەوە.
سەبارەت بە سەیارەش.. تێكڕا، سەیارەیەكی مارسیدیس درایە سەرۆك مام جەلال.. وابزانم (4) لاندكرۆزەریش درایە مەكتەبی سیاسی، بۆ هاتوچۆ. مۆڵەتیشیان بۆ كردن لە سەیتەرەكاندا نەیانپشكنن. وەكو ئەندامی وەفد، هیچ ئەندامێكی وەفدەكە، سەیارەی پێنەدراوە.
خۆشم وەكو (مەلا بەختیار) ئەم نۆكەرە درۆیەكی بۆ هەڵبەستووم، گوایە، رژێم ناوی راستەقینەی نەزانیبمو پێموتوون، مەلا بەختیار ناوی خوازراومە. ئەم درۆیە شاخدارە. چونكە بەعس باش دەیناسیم. كەسوكاریشی دەناسیم. (24) ساڵ باوكو دایكو (7) خوشكو برای راگواستبوم بۆ فەلوجە. ماڵی خوشكمیان بۆ هەولێر دوورخستەوە. برایەكیشم بەدەستی نۆكەرانی بەعس (1988) شەهید كرا. چەندین جاریش هەوڵی كوشتنیان دابووم.. ئیتر ئەم درۆیانە بە چ رویەكەوە (هارون) هەڵیاندەبەستێ.
لەكۆتاییشدا دەڵێین:
نازیەكانو فاشیەكان، زیرەكانە روداوەكانی مێژوویان دەشێواندو سەدان پسپۆڕ ئەركی نوسینەوەی مێژوویان پێ سپێردرابوو. كەچی بەعسی عێراق، نۆكەرێكی وەكو (هارون) مێژوویان بۆ هەڵدەگێڕێتەوە. بەرامبەر بە مام جەلالیش.. مێژوو دەشێوێنن، كە كەس نییە.. پاكییو بەخشندەیی مام نەزانێ.