بارانبارین هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە

ئاراس جەبار، شارەزای كەشناسی لە بڵاوكراوەیەكدا رایگەیاندووە، “رۆژی یەكشەمە گۆڕانكاری بەسەر كەشوھەوای ناوچەكەدا دێت لە ئەنجامی ھاتنی نزمەپاڵەپەستۆیەك لە ناوەراستی ئەوروپاوە بۆ سەر دەریای ناوەراست كە بارستە ھەوایەكی مامناوەندی ساردی لەگەڵدایە و پلەكانی گەرما بەرێژەیەكی بەرچاو نزم دەبنەوە”.  

ناوبراو رونیكردۆتەوە “سەرەتا رۆژی یەكشەممە كاریگەری ئەم بەرە ھەوایە دەگاتە ناوچەكانی رۆژئاوای ھەرێم و ئاسمانی ھەرێمی كوردستان بە زۆری دەگۆرێت بۆ نیمچە ھەور و خێرایی با لە ئاراستەی باشور و باشوری رۆژئاواوە ھەندێك كات زیاددەكات لەنێوان ٢٠ تا ٤٥كم زیاتر لە كاتژمێرێكدا”.  

 هەروەها وتویەتی “پێشبینی چالاكبوونی ھەورە بروسكە و تاوە بارانی بەخوڕ دەكرێت لە كات و ناوچە جیاجیاكانی سنوری زاخۆ و پارێزگای دھۆك و بەتایبەت لە ناوچە شاخاویەكانی پارێزگاكەدا، پلەكانی گەرماش زیاتر لە ٩ بۆ ١٠ پلە لەم ناوچانەدا نزم دەبنەوە كەشێكی فێنك بۆ نیمچە ساردی دەبێت تا كاتەكانی ئێوارەی ھەمان رۆژ ئەگەری بارانبارین دەبێت”.  

ئاراس جەبار دەڵێت “سەبارەت بەناوچەكانی دیكەی ھەرێم ئەگەری بارانبارین لاواز دەبێت و تەنھا ئاسمانی ناوچەكان بە زۆری دەگۆرێت بۆ نیمچە ھەور و نمە بارانێكی كەم لەھەندێك كاتدا، پلەكانی گەرماش كەمتر نزمدەبنەوە و لەناوچەكانی سنوری پارێزگای ھەولێر و كەركوك بەرێژەی ٤ تا ٦ پلە ، ناوچەكانی سنوری پارێزگای سلێمانی و ھەڵەبجە و گەرمیان و راپەرین بەرێژەی ٢ تا ٣ پلە”.  

ئاراس جەبار باسی لەوەشكردووە “بەگشتی لە رۆژانی دووشەممە و سێشەممەی ناوەراستی ھەفتە كاریگەری ئەم بارستە ھەوایە دەگات بەتەواوی ناوچەكان و كاریگەری ئەم گەرمایەی ئەم ماوەیە بەیەكجاری كۆتایی دێت و كەش لە رۆژدا فێنك دەبێت لەگەڵ زیاتر ساردبوونی شەوان و ھەستكردن بەسەرما”.  

ھەواڵی زیاتر