بەرپرسێکی پێشمەرگە کە سەر بە یەکێتی نیشتمانی کوردستانە، لەبارەی رووداوەکانی شنگال و کەوتنی شارەکە بە دەستی داعش دەڵێ”کاتی هێرشەکەی داعش ئێمە لەوێ بووین و توانیمان 11هەزار ئێزدی ڕزگار بکەین” بەڵام ڕۆژنامەنووسێکی سەر بە هەمان حیزب کە وەک خۆی دەڵێ سەردانی شنگالی کردووە، ئەوە ڕەت دەکاتەوە کە هیچ پێشمەرگەیەک لەکاتی هێرشەکاندا لە سنوورەکە هەبووبێ.
عەمید قادر خۆرانی، فەرماندەیەکی پێشمەرگەیە و سەر بە یەکێتی نیشتمانی کوردستانە، لەبارەی رووداوەکانی مانگی ئابی 2014 لەکاتی هێرشەکانی داعش بۆ سەر شنگال و دوروبەری، وتارێکی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکردۆتەوە و دەڵێ” ئەو هێزانەی پاشەکشیان دەکرد لە سنوری شنگال و ( سنونێ ) بەلای ئێمە دا تێدەپەڕین بۆ سحێلا بەبێ وەستان، نزیکی نیوەڕۆ لەلایەن ڕێکخستنەکانی یەکێتی و خەلکی یەکێتی لە سنوری ( شنگال و سنونێ و خاناسۆر ) پەیوەندیم پێوە کرا کە بارودۆخ زۆر خراپە کەس نیە بەرگری بکا ، گوتیان ئێمەو خەلک کە بە هەزارانن دێین بۆ ( ربیعە ) ئەگەر ئێوە لەوێ بمینێن ئەگەر نا داعش لە ڕێگای ( عوێنات ) بێت بۆ ( ربیعە ) هەمومان دەکەوینە بەردەستی داعش و کۆمەلکوژمان دەکەن ، وتم “ئێمە لێرەین و دەشمینێین هەموو خەلک بڕوا من ناڕۆم ئەگەر سەری خۆشم لەسەر دانابێ”
قادر خۆرانی زیاتر دەڵێ” خەلکی ( شنگال و سنونێ و خاناسور ) بەرەو ئێمە بەڕێکەوتن، هێزەکانی داعش لەو کاتەدا لە ڕێگای ( عوێنات ) پێشڕەویان کرد بۆ لای ئێمەو تەقە دەستی پێ کرد لە شوێنی خۆیان ڕامانگرتن، هێزەکانی لای ئێمەش لە ( ربیعە ) خۆیان کۆکردەوە بۆ ڕۆیشتن. داوام لێکردن بمێننەوە لەبەر ئەوەی خەلک لە ڕێگایە بۆلای ئێمە دێ ناکرێ شوێنەکە چۆلکەین بۆ داعش هەرچەند گوتم بێ سودبوو .
ئەو فەرماندەیەیی یەکێتی باسی شکاندنی فەرمانی سەربازی خۆی دەکات و زیاتر دەڵێ” ئاگاداری سەروی خۆم کردەوە لەوەی هێزەکانی لای ئێمەش پاشەکشێ دەکەن ، گوتیان ئێستا وەلامت دەدەینەوە بزانین چۆن دەبێ .دوای نیو سعات تەلەفۆنیان بۆ کردمەوە گوتیان هێزەکەت پاشەکشێ پێ بکە ، گوتم چۆن پاشەکشێ دەکەم خەلک بەڕێوەیە بۆ لای ئێمە داعشیش وا دوبارە هاتەوە پێشێ ، گوتیان فەرمانت پێ دەکەین پاشەکشێ بکە ، گوتم خەلکی ژن و مندال و مەدەنی بەڕێوەن بەبێ شەڕو بەرگری لێیان بەهیچ شێوەیێک پاشەکشێ ناکەم لەبەر ئەوەی بەرپسیار دەبم لەبەرامبەر خوا و خەلک. دوای ( ۱۰ ) خولەک دوبارە پەیوەندیان کردەوە کە پاشەکشێ بکەم گوتیان فەرمانەو جێبەجێی بکە ، گوتم بۆ بەرگری و پێشڕەوی هەرکەسێک فەرمان بکا بە قسەی دەکەم و بە بەرپرسی خۆمی دەزانم بەلام بۆ پاشەکشێ بێ بەرگری و شەڕ فەرمانی هیچ کەسێک جێبەجێ ناکەم و کەس بە بەرپرسی بالای خۆم نازانم، گوتم نە منالێکی کورد نە بستێکی خاکی کوردستان بەبێ شەڕ ڕادەستی داعش ناکەم ، ئەوەبوو داواین لە جێگرەکەم کرد کە سەر بە یەکەی ( ٨٠ ) بوو خۆی و پێشمەرگەکانی پاشەکشێ بکەن ئەوانیش پاشەکشیان کردو بەجێیان هێشتم.
“داعش لەو کاتەدا پەلاماری داین و ئێمەش بەرگریمان کرد و داوام لە فەرماندەکانی ( YPG ) کرد هێزی زیاتر بێنن لەبەر ئەوەی هێزەکانی لای خۆمان لە پاشەکشێدان و خەلکی هاولاتیش لە سنوری شنگال بەڕێوەیە و داعشیش دەیهەوێ ( ربیعە ) بگرێ ، ( YPG ) لەماوەیێکی کورت هێزەکانیان زیادی کردو هێزی ئاسایشی ڕۆژئاواش هاتن و گەیشتنە لامان، سەر ئەنجام توانیمان گیانی زیاتر لە ( ۱۱۰۰۰ ) یانزە هەزار برا ئێزیدیەکانمان ڕزگار بکەین لە کۆمەل کوژی”
بەڵام سەرتیپ جەوهەر، ڕۆژنامەنووسی دیاری سەر بە یەکێتی کوردستان “کە وەکو خۆی دەڵێ لەوکاتەدا سەردانی مەیدانی شنگالی کردووە” لەوبارەوە وتارێکی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێ” لەدوێنێوە هەراو هەڵایەكی زۆر هەبوو لە فەیسبوك لەسەر ئەوەی كێ ئێزدییەكانی رزگاركردووە. بەحوكمی بۆخۆم بەدواداچوون و سەردانی ناوچەكەم كردووەو خۆم ئاوارەكانی ئێزدی سەرشاخ و فەرماندەكانی پێشمەرگەو پەكەكەم لەشنگال بینیوەو راستەوخۆ لەدوای رزگاركردنی شنگال سەردانی زۆربەی شوێنەكانم كرد. دەمەوێ چەند راستییەك هەیە وەكوخۆی بیخەمە روو كە پێویستە هەموومان بیزانین”.
سەرتیپ جەوهەر کە بە ڕۆژنامەنووسێکی نزیک لە لاهوور شێخ جەنگی ناسراوە وەکو وەڵامێک بۆ ئەو فەرماندەیەی یەکێتی دەڵێ” پێشمەرگە هەرهەمووی رایكرد، هیچ فەرماندەو پێشمەرگەیەك نەمایەوە بەناوی پێشمەرگە بەرگریی بكات، ئەوەی لەفەیسبوك دەیبینین كە خەڵكانێك باس لەرزگاركردنی ئێزدیەكان دەكەن، هیچ بنەمایەكی نییەو ناتوانن یەك شایەتی بۆ قسەكان بێننەوە. راستییەكەی بەشێك لەپێشمەرگە كە ژمارەیەكی كەم بوون لەبەرئەوەی هەردوو دیوی رەبیعە واتە رێگای رەبیعە بەرەو سنون و رێگای رەبیعە بەرەو مەحمودیەیەیان لێگیراو فریای راكردن بەرەو هەرێم نەكەوتن، ناچار خۆیان گەیاندە دەروازەی رەبیعە كە پێشتر هێزەكانی یەپەگە دەستیان بەسەر خەستەخانەكەو كۆمەڵگای فەرمانگەكان و دەروازەكەدا گرتبوو. ئەو پێشمەرگانە خۆیان دەخیلی یەپەگە كردو ماوەیەك لەوێ مانەوە، بەڵام دوای ئەوەی داعش گەیشتە ئەو ناوچانە و هەوڵی داگیركردنی دەروازەكەیدا ئەو پێشمەرگانە كە نزیكەی 30 پێشمەرگەیەك و چەند ئەفسەرێك بوون تەنها چەكی كڵاشینكۆفیان پێبوو هیچ چەكێكی قورس پێنەبوو. رەنگە بەشدارییەكی سنورداریان كردبێت لەچەند كاتژمێری یەكەمی هێرشەكە و هیچیتر. لەوێ لەچەند گرتە ڤیدیۆیەكی تەلفزیۆنەكانی پەكەكەدا دەركەوتوون و قسە دەكەن، ئەوانە بۆخۆیان رایانكردبوو تەنها چەند رۆژێك لای یەپەگە مانەوە”.
هەروەها دەشڵێت “هیچ فەرماندەیەكی پێشمەرگە ئێزدییەكانی رزگار نەكردووەو لێقەوماوانی ئێزدی لەدەروازەی رەبیعە نەچوونە ناو خاكی رۆژئاوای كوردستان، نەیانتوانی بگەنە ئەو دەروازەیەو داعش رێگاكانی گرت”.