ژمارەی قوربانییانی تەقینەوەکەی بەیرووت؛ 100کوژراو و 4000بریندار
سەرۆک و بەڕێوەبەری گشتی ئاسایشی لوبنان هۆکاری تەقینەوە گەورەکانی لوبنانیان ئاشکرا کرد و دەڵێن” هۆکارەکەی ٢ هەزار و ٧٥٠ تۆن لە نیتراتی ئەمۆنیۆمی هەڵگیراو بووە کە ماوەی شەش ساڵە کۆگا کراون.
میشێل عەون، سەرۆکی لوبنان رایگەیاند” جێگەی قبوڵکردن نییە ئەو بڕەی نیتراتی ئەمۆنیۆم بێ هیچ رێوشوێنێک هەڵبگیرێ، بەڵێن دەدەین بەرپرسیاران بە توندترین شێوە سزا بدەین، پێویستە بۆ ماوەی دوو هەفتە باری نائاسایی رابگەیەنین”
عەون داوای کۆبوونەوەی ئەمڕۆ چوارشەممەی بەپەلەی ئەنجوومەنی وەزیرانیش دەکات
هاوکات عەباس ئیبراهیم بەڕێوەبەری گشتی ئاسایشی لوبنان رایگەیاند:” ٢٧٠٠ تۆن لە ماددەی ئەمۆنیۆم لە نێو بەندەرەکەی لوبناندا هەبووە، لە رێگەشدا بووە بەرەو ئەفریقا ببرێت”.
نیتراتی ئەمۆنیۆم ماددەیەکی کیمیاییە و زۆرتر لە بواری کشتوکاڵیدا بەکاردێت، تێکەڵەیەکی مەترسیدارە و دەکرێت ببێتە هۆی تەقینەوەی بەهێز.
تاێستا لە تەقینەوەکانی بەیرووت نزیکەی 100 کەس کوژراون و 4000 کەسیش بریندارن.