بە تۆمەتی تێوەگلان لەو تاڵانییەی لە دۆسیەكانی زەوی لە سلێمانیدا كراوە، بەڕێوەبەری ناحیەی بەكرەجۆی سنووری پارێزگای سلێمانی دەستگیر كرا.
عەلی حەمەساڵح، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە پێگەی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك) بڵاوی كردەوە: “لەسەر تاڵانیی دۆسیەی زەوی، بەڕێوبەری ناحیەی بەکرەجۆ (بە ناوی لوقمان) دەستگیر كراوە”.
هاوكات بە پێویستی زانیوە، “ئەو بەرپرسانەش دەستگیر بکرێن کە لە پشتی تاڵانیی زەوییەوەن”.
هاوكات ڕوونی كردۆتەوە، لە ڕابردوودا بە ناوی فەرماندەیی هێزی پێشمەرگە و دژە تیرۆرەوە (پێشمەرگە و دژەتیرۆری یەكێتی) لە سنووری ناحیەی بەکرەجۆ و ڕاپەڕین، “هەزاران زەوییان بردووە، تەنانەت شوێنی قوتابخانە و بنکەی تەندروستی و باخچە و بەردەم ماڵان و هەموو شتیان مەتر مەتر کردووە و فرۆشتوویانە”.
هاوكات جەختی كردۆتەوە: “ڕاستە بەڕێوبەری ناحیە و شارەوانی تاوانبارن لەم دۆسیەیە، بەڵام ئەو بەرپرسانەی ئەم كارەیان داهێنا و پارە زۆرەکەیان برد، تاوانباری سەرەکین”.
ماوەیەكە دۆسیەی داگیركاریی هەزاران دۆنم زەوی لە سلێمانی بە گەرمی باسی لێوە دەكرێت، هەرچەندە هەندێك ڕێوشوێن گیراونەتە بەر بە ناوی ڕێگەگرتن لەو تاڵانكارییە، بەڵام بەپێی بەدواداچوونی (باسنیوز) و قسەی پەرلەمانتار و بەرپرسانی پەیوەندیدار، هێشتا بەشی هەرە زۆری ئەوانەی لەم تاڵانكارییە سوودمەند بوون، هیچ ڕێوشوێنێكیان بەرامبەر نەگیراوەتە بەر.
ھەواڵی ڕابردوو
ھەواڵی زیاتر