تورکیا: لە کامپی مەخموور دوو گەریلامان دەستگیرکردن و گەڕاندنماننەوە

لە ئۆپەراسیۆنێکی تایبەتدا دەزگای هەواڵگریی تورکیا – میت دوو گەریلایان بە ناوەکانی خەتیب گونەی و ئایە ئەحمەد سولەیمان دەستگیرکردووە و وێنەکانیشیان بڵاوکردوونەتەوە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لە لایەنی ئەمنیی تورکیا دراونەتە ئاژانسی فەرمیی وڵاتەکە، خەتیب گونەی ساڵی 2019 لە شارۆچکەی ئەلباک-ی سەر بە پارێزگای وانی باکووری کوردستانەوە بە قاچاخ خۆی گەیاندووەتە رۆژهەڵاتی کوردستان و لەوێشەوە چووەتە باشووری کوردستان و لە کامپی مەخموور “راهێنانی ئایدۆلۆژی و جەستەیی پێکراوە.”

هەروەها ئایە ئەحمەد سولەیمان ساڵی 2015 چووەتە ریزەکانی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) و ساڵی 2017 لە رۆژئاوای کوردستانەوە خۆی گەیاندووەتە باشووری کوردستان. بەپێی هەمان سەرچاوە “ئایە لە گارە راهێنانی کردووە، دواتریش لە ناوچەکانی ئاڤاشین و باسیان لە ریزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بەشداریی لە شەڕەکاندا کردووە. دواتریش ساڵی 2018 چووەتە کامپی مەخموور.”

تاوەکو ئێستا میدیای نزیک لە پەکەکە هیچ روونکردنەوەیەک یان پشتڕاستکردنەوەیەکیان لەمبارەیەوە بڵاونەکردووەتەوە.

دوای دەستگیرکردنیان، تورکیا دەڵێت، گەریلاکانیان گەڕاندووەتەوە بۆ وڵاتەکە.

ژێدەر

رووداو

ھەواڵی زیاتر