ژنێک منداڵێکی ساوا لە موسڵ دەڕفێنێت و لە دهۆک دەستگیردەکرێت

پاش نزیکەی پێنج رۆژ لە رفاندنی منداڵێكی ساوا لە نەخۆشخانەیەکی شاری موسڵ، ئەمڕۆ لەلایەن ئاسایشی دهۆکەوە رزگارکرا و ئەو ژنەش دەستگیرکرا کە منداڵەکەی رفاندبوو.

بە گوێرەی زانیارییەکان، رۆژی 5ـی ئەیلولی 2022، لە نەخۆشخانەی خەنساء لە شاری موسڵ لەلایەن ژنێکەوە منداڵێکی ساوا بەناوی موهەنەد موزاحم محەمەد رفێندرا.

شێخ مزاحم ئەلحوەیت، نوێنەری هۆزە عەرەبەکانی پارێزگای نەینەوا لەو بارەیەوە رایگەیاند، منداڵەکە ناوی (هەیا موهەنەد)ـە و تۆمەتبارەکەش، ژنێکی دانیشتووی موسڵە.

ئاماژە بەوەشدرا، دوای پێنج رۆژ لە رفاندنی ئەو منداڵە و ئاگادارکردنەوەی دەزگا ئەمنییەکانی حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ شەممە 10ـی ئەیلولی 2022، لەلایەن ئاسایشی دهۆکەوە، رزگارکرا و ئەو ژنەش دەستگیرکرا کە منداڵەکەی رفاندبوو.

نوێنەری هۆزە عەرەبەکانی پارێزگای نەینەوا سوپاسی هێزە ئەمنییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد لەپای هاوکاریکردنیان لە دۆزینەوە و رزگارکردنی ئەو منداڵە.

ژێدەر

ک24

ھەواڵی زیاتر