پەیامێک لە بافڵ تاڵەبانییەوە

بەگرنگی و هەستکردن بە بەرپرسیارێتییەوە چاودێری ئەو پێشهاتە سیاسییانەمان کردووە کە لە وڵاتەکەمان روویانداوە. پەرۆشی هەوڵەکانیشین لەپێناو یەکڕیزی و یەکخستنی تواناکان لەپێناو بەرژەوەندی نیشتمانی و بەدیهێنانی زەمینەیەکی لەبار بۆ چاکسازی بەشێوەیەک کە خزمەت بە گەل بکات و دەستوور بنەمای کارکردن بێت.
بنەماکانی کارکردنیشمان لەژێر رۆشنایی سیاسەتی سەرکردەی کۆچکردوومان مام جەلال سەرچاوەی گرتووە کە ئامادەیی گرنگ و کاریگەری هەبووە لە پێش و پاش ساڵی ٢٠٠٣.
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش درێژە بەو رێبازە دەدات و پەرۆشی خۆی بۆ پرەنسیپەکانی کاری نیشتمانیی هاوبەش دووپات دەکاتەوە لەپێناو پاراستنی ئەزموونە تازەکەی دیموکراسی، بونیادنانی عیراقێکی فیدراڵ، سەربەخۆ و پێشکەوتوو.
لەم چوارچێوەیەشدا جەخت لە پاراستنی یەکڕیزی، هەوڵە نیشتمانییەکان و زاڵکردنی زمانی دیالۆگ و لێکتێگەیشتنی بەرهەمدار و پابەندبوون بە دەستوور دەکەینەوە کە دەنگی بۆ دراوە وەک بەڵگەنامەیەک بۆ گەشەپێدان و بەخۆداچوونەوە و پابەندبوون بە بڕگەکانییەوە.

وەک هەموو هێزە نیشتمانییەکانمان باوەڕمان بە پێویستی لێکجیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان هەیە وەکو بنەمایەکی سەرەکی لە بنەماکانی بونیادنانی دەوڵەتێکی مەدەنی و دیموکرات. پێشمانوایە بەرپرسیارێتی لایەنە جیاوازەکانە پابەندی ئەم بنەمایانە بن بەتایبەت سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری، پارێزگاریکردن لە مافی هاوڵاتییان و دامەزراوە دەستوورییەکانی تر لە وڵاتدا. ئەو رووداوەی ئەمڕۆش رەت دەکەینەوە کە بەسەر ئەم دامەزراوەیەدا هات و پێویستە هەموو هێزە سیاسییەکان رێگری لە دووبارەبوونەوەی ئەم کارانە بکەن.

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەم هەلومەرجەدا پابەندبوونی تەواوی خۆی بە زاڵکردنی
دیالۆگ و ئامادەکردنی زەمینەیەکی سیاسیی لەبار دووپات دەکاتەوە کە لەتوانایدابێت پرۆژەیەکی چاکسازی بەرپا بکات کە پشت بە بەرنامەیەکی پەسەندکراوی ھەمووان ببەستێت تاوەکو بتوانێت چاکسازی پێویست بەدیبهێنێت و دەست بە بونیادنان و گەشەپێدانی وڵاتمان بکرێت.
پشتیوانی داخوازییە نیشتمانییەکان دەکەین لەپێناو چاکسازی و دووپاتی دەکەینەوە پاراستنی وڵات و سەقامگیرییەکەی، پاراستنی مافی هاوڵاتییان، رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و گەشەپێدانی ئەدای دامەزراوەکان، پێویستی بە رەخساندنی زەمینەیەکی لەبارە لەلایەن هەموو هێزە سیاسییە کاریگەرەکانەوە و لەپێش هەمووشییەوە دیالۆگی نیشتمانیی جدی و دڵسۆزانە

خودا عیراقی دیموکرات و فیدراڵ و سەربەخۆ بپارێزێت. رێپیشاندەر و یارمەتیدەری هەمووان بێت بۆ هەر کارێک کە خێری گەلەکەمانی تێدابێت بەهەموو پێکهاتەکانییەوە. هیچ بژاردەیەکی ترمان نییە جگە لە یەکگرتن و دەستپێکردنی دیالۆگێک بە دڵی کراوە و مێشکێکی بەئاگا لەو مەترسییانەی هەڕەشە لە عیراقمان و ئەزموونە سیاسییە دیموکراسییە تازەکەمان دەکات.

بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

ھەواڵی زیاتر