بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەدەباشان پێشوازیکرد لە ھادی عامری، سەرۆکی ھاوپەیمانی فەتح.
لەدیدارێکدا كە شاڵاو كۆسرەت رەسوڵ و خالید شوانی، ئەندامی مەكتەبی سیاسی ئامادەبوون، دوایین پەرەسەندنە سیاسییەکان و دەستپێشخەری نوێ بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی بەردەم پرۆسەی سیاسیی عیراق تاوتوێکران و بیروڕایان لەبارەوە ئاڵوگۆڕکرا.
بەپێی ڕاگەیەنراوێکی بافڵ تاڵەبانی، لەدیدارەکەدا جەخت لەیەکخستنی ھەوڵە نیشتمانییەکان كرایەوە لەپێناو دۆزینەوەی دەرچەی دەستووریی و یاسایی بۆ دەربازبوون لەو دۆخە نەخوازراوەی عیراقی تێکەوتووە. هەردوولا هاوڕابوون لەسەر بەردەوامیی گفتوگۆكان و دیالۆگی بونیادنەرانە بۆ زاڵبوون بەسەر كێشەكان.
بافڵ جەلال تاڵەبانی لەدیدارەکەدا جەختیکردەوە کە یەکێتی پێشوازی لە هەر دەستپێشخەرییەک دەکات کە سەرجەم لایەنەکان کۆبکاتەوە و ئامانج لێی گەیشتن بێت بە رێککەوتنێکی نیشتمانی و دەربازکردنی وڵات لەو دۆخەی تێیکەوتووە. روونیشی كردەوە لەماوەی رابردوودا بەھەمان سیاسەتی سەرۆک مام جەلال داوای گفتوگۆی نیشتمانیمان کرد بۆ تێپەڕاندنی ئاستەنگییەکان. بۆ ئەمڕۆش ئەم دەستپێشخەرییە نوێیە کە لەگەڵ دیدگای یەکێتی یەکدەگرێتەوە و لەخزمەتی گشتی و سەقامگیری وڵاتدایە یەکێتی پشتیوانی دەكات.