لە حوسەینییەیەکی عێراق بۆ ئارەقی دەموچاوی پیاوێکی ئایینی نۆرە دەگیرێت
ئەنجوومەنی باڵای شیعە لە لوبنان رایگەیاند، محەممەد شەرارە، کە لە گرتەیەکی ڤیدیۆیی لە عێراق خۆی وەکو “پیاوی ئایینی” ناساندووە و خەڵک ریزیان بۆ ئارەقی دەموچاو و ملی بەستووە، پیاوی ئایینی نییە و داوای لێدەکات جلە ئایینییەکەی دابنێت.
چەند رۆژێکە گرتەیەکی ڤیدیۆیی کەسێک بە ناوی محەممەد شەرارە لە شاری سەماوەی پارێزگای موسەننا بڵاوبووتەوە، کە وەکو پیاوێکی ئایینیی شیعە خۆی ناساندووە و لە یەکێک لە حوسێنییەکانی عێراق لەسەر مینبەر راوەستاوە و خەڵک نۆرەیان بۆ گرتووە بۆ ئەوەی کلێنسی بدەنێ تاوەکو ئارەقی دەمووچاو و ملی بسڕێت و دواتر بیانداتەوە تاوەکو ببێتە کلێنسێکی پیرۆز و پەنای بۆ ببەن.
لە گرتە ڤیدیۆکەدا، محەممەد شەرارە بەهۆی زۆری نۆرەوە بێزاری دەردەبڕێت و داوا دەکات هاووڵاتییانی عێراق بەسی بکەن و ئەوەندە ئارەقی پێ نەسرنەوە، چونکە بەشی هەموویان ناکات، بەڵام هەر کلێنسی بۆ درێژ دەکرێت.
ئەو گرتەیە زۆری پێنەچوو لەلایەن بەشێکی زۆر لە پیاوانی ئایینیی شیعەوە رەتکرایەوە و محەممەد شەرارەیان بە گۆرانیبێژ و هەندێک بە سروودخوێن ناساندوویانە و رەتیانکردووەتەوە پیاوی ئایینی بێت، دەشڵێن، ئەو پیاوە عێراقییەکانی هەڵخەڵەتاندووە.
دوای بڵاوبوونەوەی گرتە ڤیدیۆیەکە، رۆژی پێنجشەممە، 11ـی ئابی 2022، ئەنجوومەنی باڵای شیعە لە لوبنان، لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند: “محەممەد یەحیا شەرارە بە ساختە سیفەتی پیاوی ئایینی داوەتە پاڵ خۆی، بۆیە هۆشداری پێدەدەین لە دانانی جلەکانی و لە کاتی پێویستدا رێوشوێنی یاسایی بەرامبەر دەگرینەبەر. هۆشداری دەدەینە باوەڕداران لە لادانە فیکری و رەفتارەکان. داواش لە سەرپەرشتیارانی رێوڕەسمی حوسێنییەکان دەکەین مینبەری حوسێنی لە ئەو و هاوشێوەکانی بپارێزن.”
شێخ عەبدۆ عەلی قەتایا، پیاوی ئایینیی شیعە لە لوبنان، لەبارەی محەممەد شەرارەوە دەڵێت: “دەبێت زانایان لە عێراق سەرکۆنەی بکەن و وەڵامی بدەنەوە.”
محەممەد شەرارە، کە خۆی وەکو پیاوی ئایینی دەناسێنێت و دەچێتە سەر مینبەرەکان، لە یەکێک لە گرتە ڤیدیۆییەکانیدا دەڵێت: “گەنجان چی گوناهـ هەیە بیکەن، مەترسن دواتر بەیەک فووی حوسێن هەمووی دەسڕێتەوە.” ئەو قسانە زۆربەی شیعەکانی لوبنان و عێراقی نیگەران کردووە.
لە بەشێک لەو گرتە ڤیدیۆییانەی بڵاوبوونەتەوە، خەڵکانێک نووسیویانە ئەو کەسە پێشتر گۆرانیبێژ بووە، هەندێکیش لەبارەی گرتە ڤیدیۆکانی دەڵێن محەممەد شەرارە لە لوبنان دەرکراوە و عێراقییەکان زوو بۆی هەڵخەڵەتاون و دەبێت دەریبکەن، بەڵام خۆی هێشتا لەبارەی ئەو قسانەوە هیچ وەڵامێکی نییە.
رووداو