قسەکانی مالیکی لە تۆمارە دەنگییەکەیدا کە هەڕەشەی هەڵگیرسانی شەڕ دەکات

لە چوارەم تۆماری دەنگیدا کە بڵاوکرایەوە و دەگوترێت تۆماری دەنگی نووری مالیکییە لە کۆبوونەوەیەکی داخراودا، نووری مالیکی دەڵێت: “قۆناخی داهاتوو، قۆناخی شەڕە دژی موقتەدا سەدر و رەوتی سەدر؛ بۆیە ئامادەکاریم کردووە و هێز و چەک ئامادە دەکەم”.

عەلی فازڵ، کە رۆژنامەڤان و نووسەرێکی سیاسیی عێراقیی نیشتەجێی ئەمریکایە، چوارەم تۆماری دەنگی بڵاوکردەوە کە دەڵێت هی ‘نووری مالیکی’، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا و رێبەری چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعەیە.

عەلی فازڵ لە هەژماری خۆیدا لە تویتەر رایگەیاند: “ئەم تۆمارانە لە بنەڕەتدا نزیکەی یەک کاژێر دەنگی تۆمارکراوی نووری مالیکین کە لە کۆبوونەوەیەکی داخراوی مالیکی لەگەڵ چەند کەسێکی نزیکی خۆی تۆمارکراون و دواتر دزەیان پێکراوە”.

ئەمە لە کاتێکدایە، دوای بڵاوکردنەوەی یەکەم بەشی تۆمارە دەنگییەکە لە رۆژی 13ی ئەم مانگەدا، نووری مالیکی لە هەژماری فەرمیی خۆیدا لە تویتەر رایگەیاند: “ئەو تۆمارە ساختەیە؛ بۆیە داواکارم لە برایانی سەدری و هاوبەشەکانی دیکەی پڕۆسەی سیاسی باوەڕ بەو تۆمارە نەکەن”.

“ئەوەی بەرامبەر شیعە کراوە پیلانگێڕیە”

لە بەشی یەکەمی تۆمارە دەنگییەکەدا کە رۆژی 13-07-2022 بڵاوکرایەوە، ئەو کەسەی کە گوایە “نووری مالیکی”یە دەڵێت: “ئەمڕۆ شیعە لە دۆخێکدان بەرگری لە خۆیان و ئاییندە و ئایینزا و ئایینیان دەکەن، کەچی پێیان دەڵێن با لە 1٪ـیان پێبدەین؟ مەسعود بارزانی سوننەی لە ئامێز گرت و بووە مەرجەعیان تاوەکو لە شیعە بدەن. ئەوان رێککەوتن بێنە نێوان شیعەکانەوە لە رێگەی موقتەدا و ئەوانی دیکەوە؛ ئەوە هەمووی پیلانە. موقتەدا سەدر دەیەوێ ببێتە دەسەڵاتدار، بەڵام ببێتە دەسەڵاتدار چی دەهێڵێتەوە؟ ئەی ئێستا ئەو دەسەڵاتدار نییە؟ ئەو وەزیرەکانی بە گوێ پەلکێش نەکرد و هەڕەشەی لە وەزیری دارایی نەکرد؟”.

ئەو کەسەی کە دەگوترێت مالیکییە هەروەها لە تۆمارە دەنگییەکەدا دەڵێت: “من شارەزای رەوتی سەدرم؛ دژیان لە بەسرە و کەربەلا و بەغدا جەنگام. ئەوان هەر ئەو کاتیش ترسنۆک بوون. سوێند بە خودا کە چووم بۆ بەسرە یەک فڕۆکەشم نەبوو. تەنانەت، هێلیکۆپتەرێکیشم نەبوو، چەکیشمان پێنەبوو. دوو پۆلیس یەک چەکیان پێبوو، بەڵام ئەوکات شکستمان پێیانهێنا، ئەوە لە کاتێکدایە ئێرانییەکان مووشەکی زیرەکیان پێدەدان کە ناوی ‘ئارشئەلمیساق’ە. پێیان دەدان و لە ئێمەیان دەگرتن. باشە ئێرانییەکان، ئێوە بۆچی؟ ئاخۆ کەسێکتان تێدا نییە بیربکاتەوە کە موقتەدا سەدر نابێتە حەسەن نەسروڵڵا؟ دەیانەوێ بیکەن بە حەسەن نەسروڵڵا”.

لە تۆمارە دەنگییەکەدا هاتووە: “ئەوە سەییدە؟ ئەوە نەزانە و هیچی پێ نییە و شکستمان پێهێنا. پێش چەند رۆژێک گوێتان لێبوو کە لە عیمارە ‘ویسام’یان کوشت کە سەر بە عەسائیب بوو. عەسائیب وەڵامی دانەوە و لێیان کوشتن؛ ئەوانیش لەوانیان کوشت. ئینجا عەسائیب وەڵامی دانەوە و 3 یان 4 یان لێ کوشتن. دواتر موقتەدا سەدر بۆ یەکەمجار گوتی ئێمە لە یەک باوکین. لە تویتەکەیدا لەسەر عەسائیب، مەبەستی محەممەد سەدرە. ئەو ترسنۆکە میزی بە خۆیدا کرد. پیاوەکانیشی بەرەو سنووری ئێران هەڵاتن، چونکە 3 یان 4 یان لێ کوشتن”.

“رەوتی سەدر سامانی خەڵک و دەوڵەتی تاڵان کرد”

لە بەشی دووەمی تۆمارە دەنگییەکەدا کە رۆژی 13-07-2022 بڵاوکرایەوە، ئەو دەنگەی کە دەگوترێت هی مالیکییە دەڵێت: “من دەیانناسم؛ لە کەربەلا هێرشم کردنە سەر؛ لە بەسرە هێرشم کردنە سەر؛ لە شاری سەدر هێرشم کردنەسەر؛ ترسنۆکن. ئێستاش ترسنۆکتر بوون، چونکە دەستیان لە رۆن و پارەی حەرامدایە. ئەوەی حەرام بخوات ترسنۆک دەبێت. ئەوان حەرامیان خوارد، سامانی خەڵک و سامانی دەوڵەتیان تاڵان کرد، بکوژن و خوێنیان رشت. موقتەدا چەندی لە بەغدا کوشت؟ لەگەڵ رفاندنی ئۆتۆمبێلی جۆری بەتتە کە خۆی باسی دەکات”.

لە تۆمارە دەنگییەکەدا هاتووە: “ویستم چەند شتێک بکەم. ویستم حەشد وەک سوپای پاسداران لێبکەم، کەچی گوتیان دەیەوێ رادەستی ئێرانی بکات. ئەمڕۆ دۆخەکە زۆر مەترسیدار، دەگوترێ حکومەت هەیە و دۆخەکە مەترسیدار نییە؛ نەخێر زۆر مەترسیدارە. سوننەی کینە لەدڵ توانییان کەسانی باشیان تێدایە. خەڵکێکی کەمن، بەڵام زۆرینەی رەهایان کینە لەدڵن. کەسانی باشیان کەمن. زۆرینەیان کینە لەدڵن و دەیانەوێ دیسان کاروباری عێراق بەڕێوەببەن. ئەوان هەروەها کینە لەدڵن بەرامبەر مالیکی، چونکە (…)، وەکو زافر عانی و ئەوانی دیکە. کۆمەڵێک دەڵێن مالیکی سەری لە ئەمریکا شێواند، ئەوانیش دەڵێن نەک تەنیا ئەمریکا، بەڵکو ئێمەش سەرمان لێشێوا (…) و هەر شەوێک چەند شوێنێک دەکەین بۆ ئەوەی دەستگیرمان نەکات، بەڵام من هیچ شتێکم لەگەڵیان نییە؛ ئەوان ترسنۆکن و بەرامبەرەکەشیان ترسنۆکترە”.

لە بەشێکی دیکەی تۆمارە دەنگییەکەدا هاتووە: “بابەتێک هەیە رقم لێی دەبێتەوە بەهۆی برادەرانی خۆمان، ئەوەش کاتێک دەڵێن با نەرمی بنوێنین (…). ئەوانە برادەرانی خۆمانن و دەڵێن با واقیعی بین. پێم گوتن تاکەی؟ تاوەکو هەڵدەکوتنە سەر ژنەکانتان و هەر دەڵێن نەخێر، نەخێر، برا؟ دواجار هەڵدەکوتنە سەر ژنەکانتان و ئێوە دەبێ کار بکەن؛ ئەوان چەندین ساڵە کار دەکەن؛ ئەمریکییەکان کاریان کرد و پڕچەککردن هەیە. گوێ لە قسە بگرن؛ گوێ لە قسەی حەلبووسی بگرن؛ گوێ لە قسەی خەنجەر بگرن؛ گوێ لە قسەی مەسعود بگرن. ئێوە لەگەڵ چ میللەتێکن؟ داماون، چونکە موقتەدا سەدرتان هەیە؟ ئەو مرۆڤەی کە لە هیچ تێناگات و (…). ئەمە شیعە دەفەوتێنێت. ئەمە پڕۆژەیەکی راستەوخۆی بەریتانیایە. پێش کەمێک بەرپرسێکی گەورەی بەریتانیا لام بوو و باسی ژمارەی ئەوانەی بۆ کردم کە لە بەریتانیا راهێنانیان پێدەکرێت”.

“بەریتانیا دەیەوێ دەسەڵات لە عێراق رادەستی سوننە بکات”

لە بەشی سێیەمی تۆمارە دەنگییەکەدا کە لە 14-07-2022 بڵاوکرایەوە و دەگوترێ دەنگی مالیکییە، هاتووە: “پڕۆژەیەک هەیە ناوی پڕۆژەی بەریتانییە و دەیەوێ بە دەستی موقتەدا پەلاماری شیعە و پەلاماری عێراق بدات؛ دواتر ئەو دەیکوژن و دۆخەکە رادەستی سوننە دەکەن؛ بابەتەکە بەم جۆرەیە. مەڵێن مالیکییە، خۆ من ئێستا رووی خۆم وەردەگێڕم و دەڕۆم. پەنا بۆ هۆزی بەنی مالیک دەبەم و هەزار یان دوو هەزار چەکداری ئەوانەوە هیچ کەس ناتوانێ دەستی پێم بگات. پڕۆژەیەک هەیە کە دەبێ لەنێوی ببەین. ئەو پڕۆژە دەبێ بە کاری سیاسی رووبەڕووی ببینەوە، وەکو چۆن بە کردەی سەربازی رووبەڕووی بووینەوە و رووبەڕوویشی دەبینەوە”.

لە تۆمارە دەنگییەکەدا باسی رێکخراوی بەدریش بە سەرۆکایەتیی هادی عامری دەکرێت و دەڵێت: “نەخێر هیچم لێیان ناوێت، بەڵام بەدر هێزی هەیە و مووچەی 30 تاوەکو 40 هەزار چەکدار وەردەگرێت. ئەوان کاریان چییە؟ هەروەها موقتەدا 12 هەزار مووچە وەردەگرێت؛ رووبەڕووبوونەوە بە پڕۆژە دەکرێت بۆ ئەوەی سبەی بتوانین بمێنین. ئێرانییەکان قسەیەکیان کرد، بڕوانە ئەوان چییان کرد؟ خۆ ئێرانییەکان هیچیان بە مەسعود بارزانی نەگوت؛ گوتیان عێراق مەودایە بۆ ئاسایشی نەتەوەییمان و بۆیە رێگەنادەین کەس گەمەی تێدا بکات؛ تەنیا ئەم قسەیە بوو؛ گوتیان باڵیۆزی قەتەر (پەیامەکەی) گواستەوە؛ گوتیان ئێمە هەردوو باڵی موقتەدا سەدر دەبڕین کە کورد و سوننەن. هەرایەکیان دروستکرد. ئێستاش پرسەکە وا خەریکە پێدەگات، ئەوەشی کە پێیگەیاند بەریتانییە ناپاکەکانن”.

هەر لە تۆمارە دەنگییەکەدا کەسێکی نەناسراو کە وادیارە لە کۆبوونەوەکەدا بەشدارە، دەڵێت: “تانکمان هەیە؛ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانمان هەیە؛ زرێپۆشمان هەیە. ئەگەر نمایشت دەوێ؟ نمایشت بۆ دەکەین”. کەسێکی نەناسراوی دیکە لە تۆمارەکەدا دەڵێت: “تەنیا چوارچێوەیەکی یاساییمان دەوێت”. ئەوەش کە دەگوترێت مالیکییە لە وەڵامدا دەڵێت: “چوارچێوەکە یان حەشد دەبێت یان بەرگری”.

“لە قۆناخی داهاتوودا شەڕ روودەدات”

بەشی چوارەمی تۆمارە دەنگییەکە لە رۆژی 16-7-2022 بڵاوکرایەوە و ئەو کەسەی کە گوایە مالیکییە قسە دەکات، دەڵێت: “لە قۆناخی داهاتوودا شەڕ روودەدات. تەنانەت دوێنێ بە مستەفا کازمیم گوت، گوێبگرە لە قۆناخی داهاتوودا شەڕ دەبێت و هەر کەسێک دەبێ بەرگری لە خۆی بکات. منیش بەرگری لە خۆم دەکەم. لەگەڵ برادەران قسەم کرد و گوتم دۆخەکە هی شەڕە. موقتەدا سەدر دەیەوێ بکوژێت و کەوڵ بکات، وەک ئەوەی خۆی دەیڵێت. سوپا و پۆلیس پشتیان پێ نابەسترێت و هیچیان پێناکرێت. پێویستمان بە چەکە”.

قسەکەری سەرەکیی تۆمارە دەنگییەکە باس لە کاردانەوەی کازمی دەکات و دەڵێت: “نەخێر، حاجی سوپا و پۆلیس هەن. گوتم، نە متمانەم بە تۆ هەیە و نە بە سوپاکەت و نە بە پۆلیست. من خۆم دەپارێزم. دەزانم یەکەم کەس کە موقتەدا سەدر دەیکاتە ئامانج منم، چونکە من رسوام کرد؛ عێراق و شیعەش بۆ موقتەدا سەدر جێناهێڵم”.

ئەو کەسەی کە دەگوترێت گوایە مالیکییە لە درێژەی تۆمارە دەنگییەکەدا دەڵێت: “ئێستا هەوڵی چەکدارکردنی زیاتر لە 10 بۆ 15 گرووپ دەدەم بۆ ئەوەی بۆ قۆناخی ئاڵۆز ئامادەبم. رەنگە هێرش بکەمە سەر نەجەف. ئەگەر ئەو هێرش بکاتە سەر خەڵکی و مەرجەعییەت، سوێند بە خودا هێرش دەکەمە سەر نەجەف، چونکە ئەم پیاوە هیچ ناهێڵێت، کینە لەدڵە. (موقتەدا) سێ رەفتاری خراپی هەیە: خوێنی دەوێت و پێیان دەڵێت خوێنم دەوێ، لە کاتێکدا ترسنۆکە؛ پارەی دەوێت و هەموو وڵاتی تاڵان کرد؛ دەیەوێ بڵێ من خودای مەزنی ئێوەم و من پێشەوا مەهدیم و پیاوەکانیشی وای پێدەڵێن. بۆیە قۆناخی داهاتوو قۆناخی شەڕە و کاری لەسەر دەکەم. بابەتەکە ئامادەیی دەروونی و کردارە، لەگەڵ چەک و دابینکردنی چوارچێوەیەک. دەبێ بیر لەوە بکەینەوە کە چۆن چوارچێوەیەکی فەرمی بۆ هێزەکان دابینبکەین”.

هەر لە تۆمارە دەنگییەکەدا ئەو کەسەی کە گوایە مالیکییە رەخنە لە حەشدی شەعبی دەگرێت و دەڵێت: “حەشد هەیە، بەڵام بێهیوام لە حەشد، چونکە هەرچی ترسنۆکە ئێستا لە نێو حەشددایە، بەڵام دەبێ وەکو چوارچێوەیەک بیری لێبکەینەوە. چوارچێوەیەکی دیکەش بۆ جووڵەی هۆزەکانی عێراق هەیە. عێراق بەرەو جەنگێکی گەورە دەچێت و کەس لێی رزگار نابێت، تەنیا بە مەرجێک نەبێت ئەگەر بتوانین ویستەکانی موقتەدا و حەلبووسی و مەسعود لەبارببەین. ئەگەر پڕۆژەکەیان لەبارببەین، عێراق رزگاری دەبێت؛ ئەگەریش لەباری نەبەین عێراق دەچێتە نێو بازنە سوورەکەوە، کە هەمووی خوێنە. ئەمەی کە من دەیڵێم خۆتان ئامادە بکەن بۆ بەرگریکردن لە…”

رووداو

ھەواڵی زیاتر