ھاوسەرۆکی دەکراوی یەکێتی نیشتمانی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێ:
“بە ئیرادەی پۆڵایینیان ئەتوانن هەموو بەربەستەکان بشکێنن “
لاھور جەنگی دەڵێ: بەشداریی بەرفراوانی جەماوەری شارەکانی عێراق لە بۆنەی نوێژی هەینی لەسەر داوا و بانگهێشتی سەماحەتی سەید موقتەدا، ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ زیندوویی شەقامی عێراقی و ئامادەییان بۆ بەشداری لە پرسە سیاسییەکان و ڕێگریکردن لە سەپاندنی جۆرێکی سواوی بێئاکامیی حوکمڕانی بەسەر چارەنووسی خەڵکی عێراقەوە.
بە ڕای ئێمە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو جووڵە جەماوەرییە گەورانەی کە لە ناوچەکە و دنیادا هەیە، دەبێ ئاراستەی پرۆسەی سیاسی لە عێراقدا بە جۆرێک بێت کە ڕەنگدانەوەی داخوازییە ڕاستەقینەکانی شەقام و جەماوەر بێت لە سەقامگیری و دەوڵەتی خەڵکی و کۆتاییهێنان بە گەندەڵی و بەتاڵانبردنی سامانی گشتی. پەیوەست بە کوردستانیشەوە، ئەم بەشدارییە بەرفراوانە و مەغزا سیاسییەکانی، ئاماژەن بۆ هاوبەشی خەڵکی کوردستانیش، کە ساڵانێکەوە ئەناڵێنێت بە دەست ناعەدالەتی و گەندەڵی و تاکڕەویەوە، لەو ڕوانگەیەشەوە، ڕێز لە ناوەڕۆکی پێشنیاز و داخوازییەکانی سەماحەتی موقتەدا سەدر دەگرین، لە هەمان کاتیشدا بە پێویستی ئەزانین جەخت لەسەر هاتنە مەیدان و ئامادەیی جەماوەر بکەینەوە، کە بە ئیرادەی پۆڵایینیان ئەتوانن هەموو بەربەستەکان بشکێنن و بڕیاری کۆتایی لەسەر چارەنووسی نیشتمانەکەیان بدەن.