دژە تیرۆری کوردستان رایگەیاند، شەوی سێشەممە 21ی حوزەیران کاتژمێر 11:00ی شەو، دوو مووشەک لە لایەن “میلیشیا لە یاسابەدەرەکانەوە” رەوانەی هێزەکانی پێشمەرگە لە میحوەری ناوەران کران.
لە راگەیەنراوەکەی دژە تیرۆری کوردستاندا هاتووە: “دوو مووشەک لەلایەن میلیشیا لە یاسابەدەرەکانەوە لە ناوچەی بازوا لەنێوان گوندی کانینی و باشیکەوە ئاراستەی سەنگەرەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە سنووری میحوەری ناوەران کران، یەکێک لە مووشەکەکان لە بەرزاییەکانی چیای سمریتی سەر بە قەزای شێخان لە پارێزگای نەینەوا کەوتە خوارەوە و هیچ زیانێکی گیانی و ماددی لێ نەکەوتووەتەوە، مووشەکی دووەمیش بەرلەوەی بگاتە سەنگەرەکانی هێزی پێشمەرگە لە گوندی تیسخراب – باشیک لە سنووری دەسەڵاتی حکومەتی فیدڕاڵی کەوتووتەوە خوارەوە”.
11:00ـی شەوی رابردوو، مووشەکێک لە گەڕەکی سمریتی سەنتەری قەزای شێخان کەوتە خوارەوە و زیانی گیانی نەبوو. سەردار شێخ یەحیا، قایمقامی شێخان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاندبوو، “مووشەکەکە لە باشووری شارەکەوە ئاراستە کراوە و نزیک 100 مەتر لە ماڵەکان کەوتە خوارەوە و زیانی گیانی لێنەکەوتووەتەوە.”