میدیایەکی ئەمریکی رایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە هێزەکانیان لە ئۆپەراسیۆنێکی دابەزینی ئاسمانیدا، سەرکردەیەکی باڵای داعشیان لە سووریا دەستگیرکردووە بە ناوی (هانی ئەحمەد ئەلکوردی) کە والی رەقە بووە.
دوانیوەڕۆی رۆژی پێنجشەممە، 16ـی حوزەیرانی 2022، میدیایەکی ئەمریکی ناوی سەرکردە دەستگیرکراوەکەی داعشی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ، هێزەکانیان لە ئۆپەراسیۆنێکی دابەزینی ئاسمانیدا، سەرکردەیەکی باڵای داعشیان لە سووریا دەستگیر کردووە کە ناوی هانی ئەحمەد ئەلکوردی-یە و والی رەقە بووە. بەرپرسێکی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکاش بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاندووە، سەرکردەکەی داعش لە باکووری رۆژئاوای سووریا دەستگیرکراوە.
دوای ئەوەی لە ئاداری ساڵی 2019 کۆتایی بە خەلافەتی داعش هێنرا و نزیکەی هەموو ناوچەکان لە دەست چەکدارانی رێکخراوەکە دەرهێندران، زۆربەی چەکدارە بەجێماوەکانی گرووپە پەڕگیرەکە خۆیان لە حەشارگەکانی نێو بیابانەکانی سووریا و عێراق شاردووەتەوە.