پەرلەمانتارێکی پێشووی ئاکپارتی: ئەو درامایەی سووکایەتیی بە کورد و کوردستان کرد راگیرا

پەرلەمانتارێکی پێشووی ئاکپارتی و سەرۆکی گشتیی کۆمەڵەی دیموکراسی و یەکگرتوو (DEMBİR-DER) رایگەیاند، درامای “گورگی تەنیا” کە سووکایەتیی بە کورد و هەرێمی کوردستان کرد، دوای گوشار و ناڕەزایەتییەکانی ئاکپارتی و حکومەتی تورکیا، راگیرا و کۆتاییهات.

محەمەد مەتینەر، کە خەڵکی سەمسووری باکووری کوردستانە و لە خولەکانی 24، 25 و 26دا پەرلەمانتاری ئاکپارتی بووە، لەبارەی ئەو دراما تورکییەی رۆژی 3ی حوزەیرانی 2022 سوکایەتیی بە هەرێمی کوردستان و بەهاکانی کرد رایگەیاند، “ئەم درامایە لەلایەن کەسانێکی فاشیستەوە بە مەبەستی سووکایەتیکردن بە هەرێمی کوردستان و کورد ئامادە کراوە، بەڵام ئێمە گوشاری زۆرمان دروستکرد و ئاکپارتی و حکومەتی تورکیاش نیگەرانن لەم نەژادپەرستییە. هەربۆیە هەینیی رابردوو ئەو زنجیرە درامایە ناچارکرا رابگیرێت و ئیدی پەخش ناکرێت.”

لەبارەی پەخشکردنی ئەو درامایە لە کەناڵی a tv، کە بە نزیکی لە ئاکپارتی و حکومەت دادەنرێت، مەتینەر باسی لەوە کرد، کە ئەو زنجیرە درامایە سەرەتا سیناریۆکەی تایبەت بوو بە جەماعەتی گولەنییەکان. هەروەها گوتیشی، “ئەوان دواتر چیرۆکی دراماکەیان بە ئاقارێکی فاشیستانەدا بردووە. ئەم بیرۆکە فاشیزمانەیە بە هیچ شێوەیەک جێی رەزامەندیی ئاکپارتی و حکومەتی تورکیاش نییە. ئاکپارتی و حکومەتیش زۆر نیگەرانی ئەو دراما نەژادپەرستەن، هەربۆیە ئەوەی پێویست بێت ئەنجامدراوە، چونکە بێڕێزیکردن بە کورد و هەرێمی کوردستان، بێڕێزیکردنە بە ئاکپارتی و حکومەتی تورکیا.”

ئەو پەرلەمانتارەی پێشووی ئاکپارتی ئەوەیشی خستەڕوو، ئەوان وەکو کۆمەڵەی دیموکراسی و یەکگرتوو (DEMBİR-DER) بانگەوازیان لە “کوردی تورکیا” کردووە سکاڵا لە دژی ئامادەکارانی ئەو درامایە تۆماربکەن، بۆئەوەی بدرێنە دادگە. هاوکات رایشیگەیاند، ئەوان بە جیددی کار لەسەر ئەوە دەکەن تاوەکو ئەو کەسانە بە سزا بگەیێنن کە دەستیان لەو سووکایەتی و بێڕێزییەدا هەبووە.

هاوکات مەتینەر جەختیکردەوە، ئەو درامایە بە بێڕێزی بەرامبەر هەرێمی کوردستان، پێشێلی دەستووری عێراقیشی کردووە و دەتوانرێت لە هەرێمی کوردستانیشەوە سکاڵای لە دژ تۆماربکرێت.

محەممەد مەتینەر رۆژی 3ی حوزەیرانی 2022 کۆمەڵەی دیموکراسی و یەکگرتوو (DEMBİR-DER)ی دامەزراند؛ هەروەک خۆی دەڵێت، “ئامانجی ئەو کۆمەڵەیە بەهێزکردنی دۆستایەتیی نێوان کورد و تورکە.”

مەتینەر باسی لەوەش کرد، لە داهاتوویەکی نزیکدا وەکو شاندێک سەردانی هەرێمی کوردستان دەکەن و لەگەڵ سەرۆک مەسعود بارزانی و چەند بەرپرسێکی دیکە کۆدەبنەوە.

لە ئەڵقەی  19’یەمی زنجیرە درامای “گورگی تەنیا” کە رۆژی 03-06-2022 پەخشکرا، لە یەکێک لە دیمەنەکاندا کەسێکی تورک دادگەیی دەکرێت، لە دادگەکەدا ئاڵای کوردستان و وێنەی سەرۆک مەسعود بارزانی لەپشت دەستەی دادوەران دەبیندرێن؛ هەروەها یەکێک لە ئەندامانی دەستەی دادوەران جامانەی سووری لەسەردایە.

ئەو کەسە تورکە کە تۆمەتبارە بە کاری سیخوڕی، کوشتن و مافیایی بە سووکایەتییەوە باس لە حکومەت و دادگەی هەرێمی کوردستان دەکات و دەڵێت، ئەو دان بەو دادگە و حکومەتەدا نانێت. هەروەها دەشڵێت، تورکەکان 1200 ساڵە لە ناوچەکەدا دەژین. لەبارەی هەرێمی کوردستانیشەوە دەڵێت، “کەرکووک گۆکتورکە و ئەو خاکە خاکی تورکمانەکانە. کەرکووک و موسڵ هی ئێمەن. گەورەترین شەقامی هەولێر [موزەفەرەدین گۆکبۆرو]ە، لەوانەیە رۆژێک بیسڕنەوە، بەڵام مێژووتان بۆ ناسڕدرێتەوە.”

ئەو کەسە کە لە زنجیرە دراماکەدا رۆڵی کەسێکی مافیا و سیخوڕ بەناوی “تەکین گیریتلی” دەگێڕێت، جوگرافیایەک بەناوی “هەرێمی کوردستان” یانیش “باکووری عێراق” رەتدەکاتەوە و داوا دەکات لە بەغدا یان لە تورکیا دادگەیی بکرێت.

رۆژی 08-06-2022 وەزارەتی رۆشنبیریی حکومەتی هەرێمی کوردستان یاداشتێکی ناڕەزایی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، “هەرێمی كوردستان قەوارەیەكی دەستورییە لە عێراقدا، خاکی پێكەوەژیانی ئایینی و نەتەوەییە. كۆنسوڵخانەی گشتیی توركیا لە هەرێمی كوردستانە، سەتان هاووڵاتی و کۆمپانیای توركیا لە هەرێمی كوردستاندا كار دەكەن و بەرژەوەندیی هاوبەش و هاوسێیەتی کۆیان دەکاتەوە لەگەڵ هاوڵاتییانی کوردستاندا بە کورد و تورکمان و سریان و عەرەبەوە لە هەموو ئایین و ئایینزاکان. بەلای ئێمەوە لە وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئەم درامایە سووکایەتییە بە هەموو ئەو راستییانە و زیانیان پێدەگەیێنێت، دوورە لە بەهای هونەری كە لە بنەڕەتەوە هونەر پەیامی ئاشتی و پێكەوەژیان و قبووڵكردنی جیاوازییەكانی پێیە، نەك رەگەزپەرستی و سڕینەوەی بەرامبەر. لێرەوە ناڕەزایەتیی خۆمان دەگەیێنینە دەزگای بەرهەمهێنەر و (a tv) و تەواوی ئەو ستافە، لە بەرامبەر ئەو سوكایەتییە و بڵاوكردنەوەی تۆوی شۆفێنیزم و بە کەم سەیرکردنی بەرامبەرەكانیان.”

زنجیرە درامای “گورگی تەنیا” لەلایەن گرووپی کۆمپانیاکانی تورکواز میدیا کە نزیکە لە حکومەتی تورکیا، بەرهەم دەهێندرێت. رۆژی 28-01-2022 یەکەم ئەڵقەی لە کەناڵی a tvی تورکیا پەخشکرا. عوسمان سناڤ، بەرهەمهێن و چاغاتای تۆسون، دەرهێنەرەکەیەتی. سیناریۆکەی لەلایەن موراد کۆجا و عەلی ئالپەر ئەرزە دەنووسرێت.

ژێدەر

رووداو

ھەواڵی زیاتر