وەزارەتی رۆشنبیری کلیپەکەی کۆمسای قەدەغە کرد

وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڤیدیۆکلیپی کۆمسای قەدەغەکرد و بە “کارێکی زۆر نەشیاوی دوور لە نەریتی گشتی” وەسف کرد.

بەڕێوەبەرایەتیی گشتی راگەیاندن و چاپ و بڵاوکردنەوەی سەر بە وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، نووسراوێکی ئاڕاستەی گشت میدیا بیسترا و بینراوەکان کردووە و دوای پەخشنەکرنی ئەم بەرهەمە دەکات.

لە نووسراوەکەدا هاتووە: “پاڵپشت بە بڕگەی سێیەمی ماددەی سێیەم لە رێنمایی ژمارە (1)ـی ساڵی 2014ـی تایبەت بە فریکوێنسی سپەیس لە هەرێمی کوردستان و ئاماژە بە سکاڵای هاووڵاتییان، چەند رۆژێکە کلیپێک لەلایەن گۆرانیبێژ (کۆمسای) لەژێر ناونیشانی (Slaw Bitch) بڵاوکراوەتەوە کە کارێکی زۆر نەشیاوی دوور لە نەریتی گشتییە.”

هەر لە نووسراوەکەدا هاتووە “لە رووی دەق و هونەری میوزیک و میلۆدیشەوە زۆر لاواز و بێبنەمایە و هۆکارە بۆ تێکدانی شیرازەی خێزان و بێڕێزیکردن بە ئایین و دابونەریتی کوردی، بۆیە گشت میدیا بیسترا و بینراوەکانی هەرێمی کوردستان اگادار دەکەینەوە خۆیان لە نمایشکردنی ئەم کلیپە ئاست نزمە بپارێزن”.

لە نووسراوی بەڕێوەبەرایەتییەکە ئاماژە بۆ ئەوەشکراوە “پابەندبوونتان بە خۆپاراستن لە نمایشکردنی کاری لەم شێوەیە، خزمەتە بە کۆمەڵگەکەمان و باشترین گوزارشتیشە بۆ ئاستبەرزی میدیاکەتان، بەپێچەوانەوە رێکاری یاسایی بەرامبەر میدیاکەتان دەگرینەبەر.”

ھەواڵی زیاتر