شوێنگرەوەی ئەژی ئەمین دەستبەکار بوو

‏‎بافڵ جەلال تاڵەبانی سەردانی هێزەكانی حەفتای كرد و لەگەڵ فەرماندەکانی ھێزی حەفتای ھێزی پێشمەرگەی کوردستان کۆبووەوە.

‏‎ لە كۆبوونەیەكدا كە شاڵاو کۆسرەت رەسول و شۆڕش ئیسماعیل، وە‌زیری پێشمه‌رگه‌ و جەلال شێخ ناجی، لێپرسراوی ئاژانسی پاراستن و زانیاری—زانیاریی ھەرێمی کوردستان ئامادەیبوون، گفتوگۆکرا لەبارەی گەشەسەندن، پڕچەككردنی هێزی پێشمەرگە و جموجووڵی پاشماوەكانی تیرۆریستانی داعش.

ئەمە یەکەمجارە بافڵ تاڵەبانی و دەزگاکانی یەکێتی، جەلال شێخ ناجی، بە لێپرسراوی ئاژانسی پاراستن و زانیاری—زانیاریی ھەرێمی کوردستان بناسێنن.

‏‎بەپێی ڕاگەیەنراوێکی بافڵ تاڵەبانی، لەكۆبوونەوەكەدا بافڵ جەلال تاڵەبانی جەختی لە بەرەوپێشبردنی توانا مرۆیی و سەربازییەكان كردەوە و رایگەیاند، لە هەوڵەكانمان بۆ بونیادنانی هێزێكی تۆكمە و مۆدێرن بەردەوامین. مەشقی چڕ و راهێنانی بەردەوامی هێزەكان و دابینكردنی پێداویستییەكان كۆڵەكەی گرنگی سوپایە و ئێمەش دەمانەوێت هێزی پێشمەرگە بە باشترین شێوە ئامادە و پڕچەك بكەین.

‏‎لە درێژەی كۆبوونەوەكەدا بافڵ جەلال تاڵەبانی باسی لە گرنگی توانا هەواڵگرییەكان كرد و وتی، دەبێت لەسەر بنەمای زانیاری ورد، هاوكاری و هەماهەنگی هێزە ئەمنییەكان كردە سەربازییەكان ئەنجامبدرێت و پاراستنی ئارامی و سەقامگیری هەرێمی كوردستانیش لەسەروو هەموو بەرژەوەندییەكانەوە بێت.

‏‎هەر لە كۆبوونەوەكەدا دوایین جموجووڵ و چالاكییەكانی داعش تاوتوێكران و بافڵ جەلال تاڵەبانی فەرماندە سەربازییەكانی راسپارد بە هەمووشێوەیەك دژی هەر جوڵە و پلانێك بوەستنەوە كە ئارامیی هەرێمی كوردستان بخاتە مەترسییەوە. بۆ ئەمەش كاری هاوبەش و هەماهەنگی هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراقی بە گرنگ وەسفكرد.

‏‎بافڵ جەلال تاڵەبانی جەختیشی كردەوە هێزی پێشمەرگە و هەموو هێزە ئەمنییەكانی كوردستان پارێزەری راستەقینەی سەر و ماڵی خەڵكن. بۆیە رێگە بەهیچ كەسێك نادەین هێزی تایبەتی هەبێت و بە هەمووشێوەیەك دژی دەوەستینەوە.

ھەواڵی زیاتر