سەرۆکی ئۆکراینا هێرشی بەرفراوانی رووسیای بۆ سەر هەرێمی دۆنباس راگەیاند کە هەردوو کۆماری دانپێدانەندراوی دۆنێتسک و لووهانسک دەگرێتەوە.
ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا لە گرووپێکی تێلێگرام رایگەیاند، “ئێستا دەتوانین پشتڕاستی بکەینەوە سەربازانی رووسیا شەڕی دۆنباسیان دەستپێکردووە کە دەمێکە خۆیانی بۆ ئامادە دەکەن.”
زیلینسکی ئاماژە بەوەش دەکات، کە بەشێکی گەورەی هێزەکانی رووسیا خۆیان بۆ ئەو شەڕە ئامادەکردووە.
چەند خولەکێک بەر لە قسەکانی زیلینسکی، سێرگی گایدای، سەرۆکی هەرێمی لووهانسک لە هەژماری خۆی لە فەیسبووک دەستپێکی هێرشەکەی رووسیای راگەیاند. هاوکات پشتڕاستیشی کردەوە کە لە هەریەک لە شارۆچکەکانی روبێژنی و پۆپاسنا و شارە” هێمنەکانی دیکە” شەڕ دەستیپێکردووە.
لە 24ـی شوباتی 2022، رووسیا هێرشی بۆسەر ئۆکراینای دەستپێکرد، بەر لە کۆتاییهاتنی مانگی ئاگادار رایگەیاند، قۆناخی یەکەمی ئۆپەراسیۆنەکەیان بەسەرکەوتوویی تەواوبووە و لە داهاتوودا سەرنجیان لەسەر بەشی رۆژهەڵاتی وڵاتەکە دەبێت.
دوای ئەم بڕیارە رووسیا هێزەکانی خۆی لە چڕنیهیڤ لە باکوور و هەروەها لە دەورووبەری کیێڤی پایتەخت کشاندەوە، وڵاتانی رۆژئاوا ئەمەیان بە شکستی سەربازی رووسیا لێکدایەوە، بەڵام رووسیا رایگەیاند، ئامانجە گەورەکەیان کۆنتڕۆڵکردنی هەرێمی دۆنباسە.
رۆژی 15ـی شوباتی 2022، پەرلەمانی فیدڕاڵیی رووسیا، پڕۆژەیاسایەکی پەسندکرد بۆ ئەوەی داوا لە ڤیلادمیر پووتین، سەرۆکی ئەو وڵاتە بکات، وەکو دوو کۆماری سەربەخۆ دان بە ناوچەکانی دونێتسک و لووهانسک لە هەرێمی دۆنباسی رۆژهەڵاتی ئۆکراینادا بنێت، لە 21ـی شوبات ڤیلادیمیر پووتین هەنگاوەکەی ناو دانی پێدانان، لە 24ـی شوباتیش هێرشیکردەسەر دوو هەرێمەکە.
Rudaw