به‌گوێره‌ی به‌یاننامه‌یه‌كی نووسینگه‌ی موقته‌دا سه‌در، رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در، ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی و موقته‌دا سه‌در، په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنییان ئه‌نجامدا.
وه‌ك له به‌یاننامه‌كه‌ی نووسینگه‌ی سه‌دردا هاتووه، له په‌یوه‌ندییه ته‌له‌فۆنییه‌كه‌دا هه‌ریه‌ك له سه‌رۆك بارزانی و موقته‌دا سه‌در، به‌بۆنه‌ی پێكهێنانی گه‌وره‌ترین كوتله‌ی په‌رله‌مانی “هاوپه‌یمانی رزگاریی نیشتمان” له ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، كه گه‌وره‌ترین كوتله‌ی په‌رله‌مانییه، پیرۆزباییان له یه‌كتر كرد.
هه‌روه‌ها به‌بۆنه‌ی راگه‌یاندنی كاندیدانی سه‌رۆك كۆمار و سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران هه‌ردوو سه‌ركرده‌كه پیرۆزباییان ئاڵوگۆڕكرد.
ئه‌مڕۆ له به‌غدا به به‌شداری پارتی ديموكراتى كوردستان و كوتله‌ی سه‌در و سیاده‌ى سوننى، “هاوپه‌یمانی رزگاریی نیشتمان” راگه‌یه‌ندرا.
سه‌رۆكی كوتله‌ی سه‌در، حه‌سه‌ن ئه‌لعه‌زاری، له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند، هاوپه‌یمانی رزگاری نیشتمان، رێبه‌ر ئه‌حمه‌د وه‌ك پاڵێوراوی پۆستی سه‌رۆكایه‌تی كۆمار و محه‌مه‌د جه‌عفه‌ر محه‌مه‌د باقر ئه‌لسه‌در وه‌ك پاڵێوراوی پۆستی سه‌رۆك وه‌زیران ده‌ناسێنێت.
بڕیاره رۆژی شه‌ممه‌ی داهاتوو، دانیشتنی نوێنه‌ران بۆ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك كۆماری نوێی عێراق به‌ڕێوه‌بچێت.
رێبه‌ر ئه‌حمه‌د، پشتیوانی هاوپه‌یمانی رزگاری نیشتمانی به‌ده‌ستهێناوه و ئه‌و هاوپه‌یمانییه زۆرترین كورسی نوێنه‌رانی هه‌یه.
دوای ئه‌وه‌ی سه‌رۆك كۆمار هه‌ڵبژێردرا، به گوێره‌ی ده‌ستوور سه‌رۆك كۆمار پاڵێوراوی كوتله‌ی زۆرینه كه هاوپه‌یمانی رزگاری نیشتمانه راده‌سپێردرێت بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌ت.