فڕۆکەیەکی مەدەنی چین بە 133 سەرنشینەوە لە ناوچە شاخاوییەکانی باشووری ئەو وڵاتە کەوتەخوارەوە و تێکشکا، باس لەوە دەکرێت کە پێناچێت هیچکام لە سەرنشینەکانی فڕۆکەکە رزگاریان بووبێت. سەرۆکی وڵاتەکەش دەڵێت، “تووشی شۆک بووین”.
فڕۆکەکە لە جۆری بۆینگ 737 بووە و سەر بە هێڵی ئاسمانیی رۆژهەڵاتی چین بووە، لە شاری کونمینگ-ەوە بۆ شاری گوانگژۆ فڕیوە و لە بەرزاییەکانی پارێزگای گوانگشی کەوتووەتەخوارەوە و سووتاوە.
ترسی ئەوە هەیە کە هیچکام لە سەرنشینەکانی فڕۆکەکە بە زیندوویی نەمابنەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ لێدوان و راگەیەندراوێکی فەرمی لەبارەی قوربانیانی ئەو رووداوە نەخراوەتەڕوو.
میدیای فەرمیی چین رایگەیاندووە، تیمێکی فریاکەوتن کە لە زیاتر لە 600 کەس پێکدێن گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە. ئاگرکوژێنەوەش گەیشتووەتە شوێنی رووداوەکە و ئەو ئاگرەیان کۆنترۆڵکردووە کە لە دارستانی سەر چیاکە بەهۆی سووتانی فڕۆکەکەوە کەوتووەتەوە.
بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە چین وێنە و ڤیدیۆی شوێنی رووداوەکەیان بڵاوکردووەتەوە کە لەلایەن گوندنشینانی نزیک لە شوێنی رووداوەکە تۆمارکراون، تێیاندا ئاگر و دووکەڵێکی زۆر دەردەکەوێت کە لە چواردەوری فڕۆکەکە دەبینرێت.
شی جینپینگ، سەرۆکی چین فەرمانی بە تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە و رزگارکردن کردووە، “هەموو تواناکانیان” بخەنەگەڕ بۆ رزگارکردنی سەرنشینەکان و دۆزینەوەی “هۆکاری رووداوەکە بە زووترین کات”.
سەرۆکی چین دەڵێت، کە زانیاریی پێگەیشتووە لەبارەی کەوتنەوەی رووداوەکەوە “تووشی شۆک بوون”.