بوڵەنت ئەرسۆی دێتە ھەولێر

بولەنت ئەرسۆی، هونەرمەندی ناسراوی تورک، بۆ یەکەمجار سەردانی هەولێر دەکات و ئاهەنگێک بۆ هۆگرانی لە کوردستان سازدەکات.

 دیدار کەریم، یەکێک لە رێکخەرانی ئاهەنگەکە، رایگەیاند، لە 24-2-2022 لە وایت هۆڵ لە هەولێر ئاهەنگەکە سازدەکرێت و جێگەی هەزار و 200 کەسی تێدا دەبێتەوە. ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، لە ئاهەنگەکەدا سەرەتا هەریەک لە هونەرمەندان ئۆزلەم لە باکووری کوردستان، هەندرێن رۆژ لە رۆژئاوای کوردستان و هەڤاڵ زاخۆیی لە باشووری کوردستان، لە ئاهەنگەکەدا بەشدار دەبن، دواتر ئەرسۆی بە گوڵبژێرێک لە گۆرانییە کۆن و نوێیەکانی درێژە بە ئاهەنگەکە دەدات.

 ئەرسۆی، بۆ دڵنیاکردنەوەی هۆگرانی لە هەولێر و کوردستان، ڤیدیۆیەکی بڵاوکردووەتەوە، تێیدا باس لە سەردانی بۆ هەولێر و سازکردنی ئاهەنگەکەی کردووە. بولەنت ئەرسۆی، لە 9-6-1952 لە ئیستەنبووڵ لە دایکبووە، یەکێک لە ناودارترین هونەرمەندانی تورکە و هۆگرانی بە ‘دیڤا’ دەیناسێنن و لەرێگەی گۆرانییەکانی ‘Geceler’ ،’Beddua’ ،’Mazallah’ ،’Biz Ayrılamayız’ و ‘Sefam Olsun’ ناوبانگی پەیداکردووە و خاوەنی 42 ئەلبوومی گۆرانییە. 

سەرەتای دەرکەوتنی ئەو هونەرمەندە وەک گۆرانیبێژ و ئەکتەری پیاو بوو، لە 1981 نەشتەرگەریی گۆڕینی رەگەزی لە لەندەن ئەنجامدا و خۆی کرد بە ژن و بەو هۆیەوە دژایەتی کرا و بڕیاری قەدەخەکردنی بەرهەمەکانی لەلایەن حکومەتی تورکیاوە درا. 

Rudaw

ھەواڵی زیاتر