رۆژی سێشەممە 15-02-2022 شۆڕش ئیسماعیل، گوتەبێژی پۆلیسی راپەڕین رایگەیاند، سەر لە ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە، دوو هاوژین کە بۆ ئاهەنگێکی خێزانی دەچوون، لەلایەن سێ کەسەوە رێگەیان لێدەگیرێت و پیاوەکە دەدرێتە بەر چەقۆ و دوای گەیاندنی بە نەخۆشخانە گیان لەدەستدەدات.
شۆڕش ئیسماعیل وتی: “پیاوەکە ناوی ( ق . ب . ع )ـە و لەدایکبووی ساڵی 1968ـە، دانیشتووی گەڕەکی راپەڕینە لە قەڵادزێ و پێشمەرگەیە لە لیوای 6ـی پیادە، دوای ئەوەی بە برینداری گەیەندراوەتە نەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە و شوێنەواری 4 چەقۆ بەسەر جەستەیەوە بووە و هاوژینەکەشی بە سووکی برینداربووە.”
ژنی کوژراوەکە قسەی بۆ پۆلیس کردووە و دەڵێ، “بەیەکەوە ویستویانە بچن بۆ هۆڵی ئاهەنگێک لە قەڵادزێ، لەلایەن سێ کەسی ناسراو بە چەقۆ هێرشی کراوەتەسەر و بەسەختی برینداریان کردووە و دواتر گیانی لەدەستداوە.”
بە بڕیاری دادوەر و بە ماددەی 406 لە یاسایی سزادانی عێراقی، فەرمانی دەستگیرکردن بۆ تۆمەتباران دەرچووە و دۆسیەی لێکۆڵینەوەش بۆ رووداوەکە کراوەتەوە.