چاودێرێکی سیاسی، باس لە جموجۆڵەکانی بافڵ تاڵەبانی، لە پشتیوانیی بەرهەم ساڵح بۆ بوونەوە بە سەرکۆمار دەکات و ئاماژە بەوە دەدات، کە ئامانجی بافڵ تاڵەبانی نەگەڕانەوەی (بەرهەم ساڵح)ە بۆ سلێمانی، یان گەڕانەوەی بە شکاوی، تاوەکوو بە هیچ شێوەیەک لە ناوخۆی یەکێتیدا بیر لە ململانێ نەکاتەوە.
د.مدحەت سلێمان، چاودێری سیاسی ڕایگەیاند، بافڵ تاڵەبانی کەسێکی شارەزایە لە چاڵ هەڵکەندن بۆ ئەو کەسانەی کە پێی وایە لەناو حزبەکەی ململانێی دەکەن، گوتی: ”بافڵ تاڵەبانی پێی وایە، لەوانەیە بەرهەم ساڵح یەکێک بێت لەو کەسانەی، لە داهاتوودا کێشەی بۆ دروست بکات، لەبەرئەوە بە هەموو شێوەیەک سەرەتا پشتگیریی دەکات ببێت بە سەرکۆمار، بۆ ئەوەی لێی دوور بێت، بەڵام کە دڵنیایە دەرناچێت و هەر کاری بۆ دەکات بۆ ئەوەیەتی پێی بڵێت، هەموو شتێکمان بۆت کرد و تۆش نەتتوانی دەربچی“.
ئەو چاودێرە، گوتیشی: “كاتێكیش بەرهەم ساڵح بە شكاوی بۆ سلێمانی بگەڕێتەوە و لەناو یەکێتیشدا بمێنێتەوە، ئەوا لاواز دەبێت، ئەگەر بچێتە دەرەوەی یەکێتیش، ئەوا تەواوی پەڕ و باڵ و کەسەکانی لێ کراوەتەوە و کەس بەدوایدا ناکەوێت حزب دروست بکاتەوە، چونکە پێشتر، کە هاوپەیمانیی دروست کرد، زۆر قسەی گەورە و قەبەی دەکرد، بەڵام دواتر لەپێناو پۆستی سەرکۆمار هەموو شتێکی کردە قوربانی، لەبەرئەوە، لە داهاتوودا بەرهەم ساڵح لەڕووی سیاسییەوە توانای حزبیی نەماوە و لەناو یەکێتیش ناتوانێ بەو شکاوییەی ململانێی ماڵی مام جەلال بکات“.
باسنیوز