دەرکراوێکی ناو یەکێتی دەگەڕێنرێتەوە ناو حیزب

ئاڵا تاڵەبانی ئەندامی پێشووی سەركردایەتی یەكێتی كە بە بڕیاری بافڵ تاڵەبانی لەو حیزبە دەركرا، بە هەوڵی بەرهەم ساڵح دەگەڕێندرێتەوە بۆ ناو یەكێتی‌و بۆ ئەو مەبەستە لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی كۆبووەتەوەو نێوانیان ئاسایی بووەتەوە، ئێستا لە بەغداد پێكەوە كار بۆ سەرخستنی بەرهەم ساڵح دەكەن.

سەرچاوەیەكی باڵای یەكێتی وتی “ئاڵا تاڵەبانی لە ئێستادا بەشێكە لەو تیمەی یەكێتی كە لە ماڵی مام جەلال لە بەغداد كار دەكەن بۆ كۆكردنەوەی پشتیوانیی‌و سەرخستنی بەرهەم ساڵح بۆ خولێكی نوێی سەرۆككۆماریی‌و لەگەڵ كاك بافڵ پێكەوە سەردانی لایەنەكان دەكەن”، سەرچاوەیەكی دیكەش هەمان زانیاریی پشتڕاست كردەوە.

سەرچاوەكە ئاماژەی بەوەش كرد، “بڕیارە ئاڵا تاڵەبانی بە فەرمیش بگەڕێندرێتەوە بۆ ناو حیزب، بەڵام هێشتا میكانیزمەكە دیاری نەكراوە”.

لە دوای 8ی تەمموزی ساڵی ڕابردوو كە ناكۆكییەكانی نێوان بافڵ تاڵەبانی‌و لاهور شێخ جەنگیی تەقینەوە، ئاڵا تاڵەبانی لەبەرەی لاهور شێخ جەنگی بوو، بەوهۆیەوە بە بڕیاری بافڵ تاڵەبانی لەگەڵ لاهور شێخ جەنگی‌و دوو ئەندامی دیكەی سەركردایەتی لە یەكێتی دەركران.

هەوڵەكانی گەڕانەوەی ئاڵا تاڵەبانی زیاتر لە هەفتەیەكە لەلایەن بەرهەم ساڵحەوە دەستیان پێ كردووەو گەیشتووەتە ئەنجام، بەوتەی سەرچاوەكان “ناكۆكییەكانی نێوان پارتی‌و یەكێتی لەسەر كاندیدی پۆستی سەرۆككۆمار كاریگەرییان لەسەر كێشەو هاوكێشە ناوخۆییەكانی یەكێتی هەیە”.

ژێدەر

پەڕەگراف

ھەواڵی زیاتر