وەزارەتی ناوخۆی عێراق ڕایگەیاند، لە رۆژهەڵاتی شاری بەغدا، ژنێک بە تەور دایکی خۆی کوشتووە. دوای رووداوەکەش بکوژەکە دەستگیرکراوە.
بەپێی ڕاگەیەنراوەکەی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، دوای گەیشتنی زانیاریی ورد لەبارەی رووداوێکی کوشتن لە ناوچەی عوبێدی لە رۆژهەڵاتی شاری بەغدا، دەستبەجێ لیژنەیەکی ئەمنی لە لیوای دووی فرقەی یەکی پۆلیسی فیدرالی بە هاوبەشی لەگەڵ هەواڵگری فەوجی یەکی لیوای سەر بە ئاژانسی هەواڵگری و لێکۆڵینەوەی فیدرڵی پێکهێندرا، دەرکەوت ژنێک بە تەور دایکی خۆی کوشتووە.
وەزارەتی ناوخۆی عێراق ئاماژەی بەوەکردووە، تۆمەتبارەکە دەستگیرکراوە و رادەستی لایەنی بەرپرس کراوە بۆ ئەوەی رێکاری یاسایی بەرامبەر بگیرێتەبەر. بەڵام باسی لە هۆکاری پشت رووداوەکە نەکردووە.