یەکێتی لەبارەی بەرهەم ساڵحەوە بڕیاری کۆتایی دا

ئەمڕۆ یەكشەممە ٢٣/١/٢٠٢٢ لە هۆڵی كۆبوونەوەكانی ئەنجومەن لە شاری سلێمانی، ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كۆبوونەوەی خۆی بەست.

كۆبوونەوەكە بە ئامادەبوونی بافڵ جەلال تاڵەبانی بەڕێوەچوو، تایبەت بوو بە تاوتوێكردنی بارودۆخی سیاسی عێراق و ئیستیحقاقە دەستوورییەكان لە پێكهێنانی حكومەتی داهاتووی عێراق.

كۆبوونەوەكە هەڵوەستەی جددی لەسەر ئەو پرسە كرد و پێی وابوو كە پارتی دیموكراتی كوردستان تاكڕەوانە و لە دەرەوەی ویست و ئیرادەی یەكڕیزی گەلی كورد و هێزە سیاسییەكانی كوردستان هەنگاویناوە و رێککەوتنیان لەگەڵ هەنديک لایەنی سیاسی واژۆ کردووە و لە چوارچێوەی ئەو رێککەوتنەیان كاندیدێكی خۆی بۆ پۆستی سەرۆککۆمار پێشكەشكردووە.

لەوبارەیەوە بافڵ تاڵەبانی، بەووردی رووناكی خستەسەر پێشهاتەكانی ئێستا و جەختیکردەوە کە مادەم لایەنی دیکە، دوور لە پرینسیپی تەوافق کاندیدی خۆیان پێشکەش دەکەن، یەکێتیش مافی خۆیەتی كە پۆستی سەرۆككۆمار بە ئیستیحقاقی كورد و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بزانێت، بۆیە داكۆكی لە مافی خۆی دەکات و سازشی لەسەر ناکات.

هەروەها ئەو قسەوباسانەی کە دەگوترا پارتی دیموکراتی کوردستان تەنها کێشەی لەگەڵ کاندیدی یەکێتی هەبوو و ئەگەر ئاڵوگۆر بەو کاندیدە بکرایا پارتیش کاندیدی خۆی دەکشاندەوە دووربوون لە راستییەوە، دەریشكەوت ئەمە تەنیا بۆ چاوبەستەكی بووە و ئامانجی سەرەكی بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆككۆمارە، دوور لە هەماهەنگی لەگەڵ هێزە كوردستانییەكان بەتایبەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و لە چوارچێوەی رێكکەوتنیان لەگەڵ هەندێک لە لایەنەكانی تری عێراق.

ئەنجومەنی سەركردایەتی بەقووڵی بژاردەكانی بەردەم یەكێتی بۆ خاڵە گرنگەکانی بەرنامەی حکومەتی داهاتووی عێراق و پۆستی سەرۆككۆمار تاوتوێ كرد و جەختیکردەوە كە لەم قۆناغەدا پێویستە داكۆكی تەواو لەم ئیستیحقاقەی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بکرێت و بپارێزرێت. لەمبارەیەوە ئەنجومەنی سەركردایەتی، بڕیاریدا کە پشتگیری تەواو بکات بۆ سەرخستنی كاندیدی یەكێتی بۆ ئەو پۆستە، كە هەڤاڵ دكتۆر بەرهەم ئەحمەد ساڵح-ە.

هەروەها كۆبوونەوەکە جەختیکردەوە لەسەر یەكدەستی یەكێتی بۆ سەرخستنی ئەركەكانی داهاتوو.

ھەواڵی زیاتر