ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە 15-1-2022 “تەقینەوەیەکی گەورە” لە وێستگەی کارەبای ABB لە دووکان روویدا، قایمقامی دووکان دەڵێت، بەهۆیەوە هێڵێکی کارەبا بەتەواوی پچڕاوە و چەند ناوچەیەک بێ کارەبا دەبن، بەڵام بەزوویی هەوڵی چاککردنی دەدەن.
سیروان سەرحەد، قایمقامی دووکان رایگەیاند، بەهۆی تەقینەوەکە ئاگرێکی گەورە کەوتووەتەوە “بەڵام خۆشبەختانە هیچ زیانێکی گیانی نەبوو.” ئاگرەکەش لەلایەن تیمەکانی بەرگریی شارستانییەوە کۆنترۆڵکراوە.
لەبارەی ئەو شوێنانەی بێ کارەبا دەبن، قایمقامی دووکان رایگەیاند، بریتین لە: “ناوەندی دووکان، خەلەکان و تاسڵوجە.”
هۆکاری دروستبوونی ئاگر و تەقینەوەکە بە گوتەی قایمقامی دووکان بەهۆی “گوشاری زۆر”ـەوە بووە لەسەر هێڵەکە کە پچڕاوە و کەوتووەتە سەر زەوی.
تیمە تەکنیکییەکان لە کارەبای سلێمانی لە رووداوەکە ئاگادارکراونەتەوە، قایمقامی دووکان گوتی، “هەوڵدەدەین لە نزیکترین کاتدا کارەبا بگەیێنینە هاونیشتمانییان،” بەڵام گوتی بەتەواوی ناتوانن کاتەکەی دیاری بکەن.
ژێدەر
رووداو