پۆلیسی سلێمانی باندێکی فێڵکردنی دەستگیرکرد

مه‌فره‌زه‌كانى به‌شى پۆلیسى دوكان – بنكه‌ى پۆلیسى خه‌له‌كان باندێكى فیڵكردنیان ده‌ستگیركرد كه‌ پاره‌یان له‌هاوڵاتیان كۆكردبوه‌وه‌ .

دواى ئه‌وه‌ى بنكه‌ى پۆلیسى خه‌له‌كان ئاگاداركرایه‌وه‌ له‌بوونى ڕوداوێكى سوتانى ئۆتۆمبێل له‌سه‌ر ڕێگاى دوكان – ڕانیه‌ ، پاش چوونى هێزه‌كانى پۆلیسى دوكان و به‌رگرى شارستانى بۆ شوێنى ڕوداوه‌كه‌ ده‌ركه‌وت كه‌ ئۆتۆمبێلێكى جۆرى ميتسیوبوشى ژماره‌ى نه‌ینه‌وا به‌ته‌واوه‌تى سوتاوه‌و شۆفێره‌كه‌ى به‌ناوێكى خوازراوه‌وه‌ خۆى وه‌ك پێشمه‌رگه‌ ده‌ناسێنێت و سێ كه‌سى تریش له‌شوێنى ڕوداوه‌كه‌ به‌ناوه‌كانى (ل ، ر ، م – أ ، ع ، م – ح ، م ، م ) بڕى 5 ملیۆن و 794 هه‌زار دینارى عیراقى و 320 دۆلار و 50 یۆرۆیان له‌ڕێبوارانى ئه‌و شه‌قامه‌ بۆ شۆفێرى ئۆتۆمبێله‌ سوتاوه‌كه‌ كۆكردۆته‌وه‌ .

بەھۆی گومانیان لەڕووداوەکە، مه‌فره‌زه‌كانى بنكه‌ى پۆلیسى خه‌له‌كان ده‌ستبه‌جێ لێكۆڵینه‌وه‌ى وردیان ده‌ستیپێكردوو زانرا كه‌ خاوه‌نى ئۆتۆمبێله‌كه‌ ناوى (م ، خ ، أ له‌دایكبووى 1992)دانیشتوى قه‌زاى ئاكرێیه‌و پیشه‌ى پێشمه‌رگه‌ نییه‌و به‌ناوى پیرۆزى پێشمه‌رگه‌وه‌ ئه‌م كاره‌ى كردووه‌و پۆشاكى پێشمه‌رگەى له‌به‌ركردووه‌و ئه‌و كه‌سانه‌شى كه‌ پاره‌كه‌یان بۆ كۆكردۆته‌وه‌ شه‌ریكى تاوانه‌كه‌ى بوون و ئۆتۆمبێله‌كه‌ش به‌نرخێكى هه‌رزان كریویانه‌و خۆیان سوتاندویانه‌ .

جێى ئاماژه‌یه‌ ئه‌م باندە چه‌ند جارێك ئه‌و تاوانه‌یان ئه‌نجامداوه‌ له‌به‌حركه‌و سه‌نگه‌سه‌رو چه‌ند پارێزگایه‌كى ترو له‌كاتى لێكۆڵینه‌وه‌شدا دانیان ناوه‌ به‌تاوانه‌كه‌یاندا.
به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى پۆلیسى پارێزگاى سلێمانى – ڕاگه‌یاندن و په‌یوه‌ندییه‌كان

ھەواڵی زیاتر