پۆلیسی پارێزگای هەولێر ڕونکردنەوەیەکی لەبارەی دەستگیرکردنی باندێکی لەشفرۆشی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، ئەو شوێنەی پۆلیس هەڵیکوتاوەتە سەری، چەندین کاری نایاسایی و دوور لە رێنماییەکان و بەدەر لە ئادابی گشتی و پێچەوانەی یاسا و ڕێساکانی تێدا ئەنجام دەدرێت.
پۆلیسی پارێزگای هەولێر دەڵێ، لە چوارچێوەی بڕیارەکانی وەزارەتی ناوخۆ و پارێزگای هەولێر بۆ رێکخستنی یانەکانی شەوانە، دوای کۆکردنەوەی زانیاریی تەواو بە بوونی شوێنێک لەناو شاری هەولێر، کەوا چەندین کاری نایاسایی، دوور لە رێنماییەکان، بەدەر لە ئادابی گشتی، پێچەوانەی یاسا و رێساکانی تێدا ئەنجام دەدرێت، هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر، بە هاوئاهەنگی لەگەڵ ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، دوێنێ درەنگانی شەو تاوەکو بەرەبەیان لەو شوێنە (102) پیاو و (77) ئافرەتیان دەستگیرکرد و هەروەها خاوەنی شوێنەکەش دەستگیرکرا.
پۆلیس هەولێر ئاماژەی بەوەکردووە، دەست بەسەر بڕێکی زۆر کەلوپەلی بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر و کەرستەی قەدەغەکراو و جۆرەها حەبدا گیراوە.
پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ تۆمەتبارەکان کراوەتەوە و تۆمەتباران بەپێی بڕیاری دادوەر راگیراون و ئەم هەڵمەتەش لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێرەوە بەردەوام دەبێت.
ھەواڵی ڕابردوو
ھەواڵی داھاتوو
ھەواڵی زیاتر