ناکۆکی دەکەوێتە نێوان بافڵ تاڵەبانی و سەرکردەکانی یەکێتییەوە

بافڵ جەلال تاڵەبانی، هاوسەرۆكی بڕیاربەدەستی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، پاش ئەوەی توانی كۆتایی بە لاهوور جەنگی بورهان و تاقمەكەی بهێنێت و لە یەكێتی دەریان بكات، پلانی ئەوەی داناوە سەرجەم هێزەكانی ژێر فەرمانی سەركردەكانی حزبەكەی، بخاتەوە ژێر ركێفی خۆیەوە، بەمەش ئەگەری دەستپێكردنی قۆناغێكی تازەی ناكۆكی لەنێو یەكێتی هاتووەتە ئارا.

لەمبارەیەوە عوسمانی بانیمارانی، ئه‌ندامی پێشووی سه‌ركردایه‌تیی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان زانیارییەكانی (باسنیوز)ی پشتڕاست كردەوە و رای گەیاند: ”بەڵێ نیه‌تی كاك بافڵ ئەوەیە هێزه‌ جیاوازه‌كانی یه‌كێتی كۆ بكاتەوە، چونكە له ‌ماوه‌ی رابردوو ئه‌و هێزانه‌ سه‌رئێشه‌ی گه‌وره‌ بوون، وا دیارە ئێستا ئەو نیەتە جێبەجێ دەكرێت“.

ڕوونیشی كردەوە كە ڕووداوەكانی چەند ڕۆژی رابردووی حزبەكەی بەو ئاراستەیە بوون و گوتی: ”زۆر هێز لەنێو یەكێتی هەن، لەوانە كۆماندۆ، هێزی ئاڵتوونی، هێزه‌كانی یەكەی 70، هێزه‌كانی سكرتاییه‌تی مام جه‌لال، هێزی پێشمه‌رگەی دێرین، هێزه‌كانی گه‌رمیان و هێزه‌كانی دیكه‌، ئه‌مانه‌ هه‌موویان له ‌ماوه‌ی رابردوو به‌ده‌ست كه‌سەكانەوە بوون، ئێستا نیه‌تێك هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی هەموویان لە ژێر فەرمانی یەك كەس كۆ بكرێنەوە“.
بە بڕوای عوسمان بانیمارانی: ”بافڵ تاڵەبانی بۆ ئەوەی ئەم كارە بكات، دەبێ رەزامەندیی ئەنجوومەنی سەركردایەتی وەربگرێت، بەڵام دیارە پێشتر ئەو بابەتانە بڕێندراونەتەوە“.

شەوی پێنجشەممەی رابردوو 16 لەسەر 17ی 12ی 2021، شەڕ و پێكدادان لەنێوان هێزێكی سەر بە نۆزانی كوڕی شێخ جەعفەر سەركردەی باڵای یەكێتی و هێزەكانی كۆماندۆی ئەو حزبە ڕووی دا، بەڵام وا بڵاوكرایەوە كە دوای شەڕەكە، هێزەكەی كۆماندۆ چوونەتە پاڵ بافڵ جەلال تاڵەبانی.
هەر لەم چوارچێوەیەدا، ئەمڕۆ دووشەممە 20ی 12ی 2021، پەیجی (PUK) كە لە دوای ڕووداوەكانی 8ی تەمووزەوە وەك سۆسیال میدیای سەر بە بافڵ تاڵەبانی، پێش میدیای فەرمیی حزبەكە، بڕیارەكانی یەكێتی بڵاو دەكاتەوە، لە پۆستێكدا نووسیویەتی: ”هیچ بەرپرسێک لەنێو یەکێتیدا بۆی نییە هێزی چەکداری هەبێت“.

هاوكات جەختی كردووەتەوە كە دەبێ سەرجەم هێزەکان سەر بە هێزەکانی یەكەی ۷٠ی یەکێتی بن و ئاشكراشی كردووە كە ”ئەمە فەرمان“ی بافڵ تاڵەبانییە و بە ”چاكسازی“ ناوی بردووە.
بەپێی زانیارییەكان، لەنێو یەكێتیدا جگە لە شێخ جەعفەر، هەریەك لە كۆسرەت ڕەسووڵ عەلی، مەحموود سەنگاوی و ژمارەیەك سەركردەی دیكەی ئەو حزبە، هێزی تایبەت بە خۆیان هەیە و جارێ نازاندرێت هەڵوێستیان لەبارەی ئەم بڕیارەی بافڵ تاڵەبانییەوە چییە؟

ھەواڵی زیاتر