شەڕێکی نوێی ناوخۆیی لەناو یەکێتی دەستیپێکرد

بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتی نیشتمانی هێزی كۆماندۆی حیزبەكەی لەژێر دەستی شێخ جەعفەر شێخ مستەفا دەرهێناوەو هەر ئەوەش هۆكاری شەڕە تەقەكەی سلێمانی بووە.
شەوی پێنج شەممە 16ی كانوونی یەكەم، لە نزیك شەقامی سالمی سلێمانی شەڕە تەقە لەنێوان دوو هێزی سەر بە لیوای كۆماندۆی یەكێتی نیشتمانی دروست بوو، كە ئەو هێزە وا ناویانهێنراوە سەر بە شێخ جەعفەر شێخ مستەفا جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستانن.
بەپێی زانیارییەکان، هۆكاری شەڕە تەقەكەی نزیك شەقامی سالمی سلێمانی، درێژكراوەی ئەو گرژی‌و ناكۆكییانەیە چەند مانگێكە لەناو یەكێتی نیشتمانی هەیە.
هەر بەپێی زانیارییەكان، ئێستا ئاكام عومەر فەرماندەی هێزی كۆماندۆی یەكێتی فەرمان لەشێخ جەعفەر وەرناگرێت‌و راستەوخۆ پابەندە بە فەرمانەكانی بافڵ تاڵەبانی‌و ئەمەش جێگری سەرۆكی هەرێم‌و نوزانی كوڕی تووڕە كردووە.
بەقسەی یەكێك لەسەرچاوەكانی بوارنیوز، رووداوی تەقەكردنەكەی شەوی پێنج شەممە ئەوە بووە، كە نوزان شێخ حەعفەر، فەرمانی بە چەند چەكدارێكی هێزی ئاڵتوونی كردووە، كە فیرقەیەكە لەناو لیوای كۆماندۆ ئاكام عومەر دەستگیربكەن، كە لەوكاتەدا لەگەڵ چەند چەكدارێكی هێزی كۆماندۆ لەمیوانخانەیەكی نزیك شەقامی سالم بووە.
هەر بەقسەی سەرچاوەكە، فەرمانەكە پەیوەندی بەنیگەرانییەكانی شێخ جەعفەرو كوڕەكەی هەبووە لەئاكام عومەر، بەڵام دوای گەشتینی هێزەكەی فیرقەی ئاڵتوونی، ئاكام‌ عومەرو ئەو چەكدارانەی لەگەڵی بوون لێیان هاتوونەتە دەست‌و توانیویانە خۆیان دەرباز بكەن، ئەوەش دوای ئەوەی چەكدارێكی هێزی ئاڵتوونیان كۆشتووەو سێ‌ چەكداری تریشیان بریندار كردووە.
هاوكات یەكێكی تر لەسەرچاوەكانی بوارنیوز ئاشكرایكرد، كە دوای رووداوەكە ئاكام عومەر چووەتە دەباشان‌و داوای لەبافڵ تاڵەبانی كردووە بیپارێزێت، دواتریش بافڵ تاڵەبانی‌و شێخ جەعفەر هاتوونەتە سەر خەت‌و دەستیان بەهەوڵەكان كردووە بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشانە، بەڵام تائێستا دیارنییە كێشەكان بەكوێ‌ گەیشتوون.
هێزی كۆماندۆ، راهێنراوترین‌و پڕچەكترین هێزی یەكێتی نیشتمانییەو هەر ئەو هێزەش هۆكاری یەكلاكردنەوەی ململانێكانی نێوان بافڵ تاڵەبانی‌و لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی “دوورخراوە”ی یەكێتی بوو لە هەشتی تەموزی رابردوو.

ژێدەر

بوار نیوز

ھەواڵی زیاتر