بەڕێوەبەری گشتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت قۆناخی یەکەمی شەپۆلێکی بارانبارین لە رۆژی یەکشەممەوە کۆتایی دێت و لە شەوی دووشەممە لەسەر سێشەممە، قۆناخی دووەم دەستپێدەکات و لێزمەبارانیشی لەگەڵدایە.
فازڵ ئیبراهیم، بەڕێوەبەری گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ شەممە 18-12-2021 رایگەیاند، ئەمڕۆ بەهۆی تەمەوە مەودای بینین لە هەندێ شوێن گەیشتووەتە 900 مەتر و لە هەندێ شوێن بۆ دوو کیلۆمەتر کەمبووەتەوە، دوای نیوەڕۆ تەمەکە نامێنێت و باران بۆ ماوەیەکی کەم لە هەندێ شوێن دەبارێت.
بەگوتەی بەڕێوەبەری گشتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان، لە 24 کاژێری داهاتوو پێشبینی روودانی لافاو لە هیچ ناوچەیەکی هەرێمی کوردستان ناکرێت، تەنیا لێزمەبارانی کورت و بۆ ماوەیەکی کەم دەبارێت.
فازڵ ئیبراهیم دەڵێت: “رۆژی یەکشەممە دۆخەکە ئاسایی دەبێت و قۆناخی یەکەمی شەپۆلی بارانبارینەکە کۆتایی دێت. شەوی دووشمەممە لەسەر سێشەممە قۆناخی دووەمی شەپۆلی بارانبارین دەستپێدەکاتەوە”.
سەبارەت بەو شوێنانەی، کە کاریگەری قۆناخی دووەمی شەپۆلی بارانبارینیان لەسەر دەبێت. فازڵ ئیبراهیم گوتی: “شەپۆلەکە زیاتر کاریگەریی لەسەر کۆیە، راپەڕین، دوکان، چەمچەماڵ و شاری سلێمانی دەبێت پێشبینی دەکرێت لێزمەبارانیشی لەگەڵدا بێت”.
بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان، قۆناخی دووەمی ئەم شەپۆلەی بارانبارین رۆژی پێنجشەممە بە بارینی بەفر لە ناوچە شاخاوییەکان کۆتایی دێت.