مستەفا کازمی بە تەلەفۆن قسە لەگەڵ مەسرور بارزانی دەکات

ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی 17ی دیسەمبەری 2021 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی فیدرال پێگەیشت. 

لە پەیوەندییەکەدا، سەرۆک وەزیرانی فیدرال، پرسە و سەرەخۆشی خۆی بۆ گیان لە دەستدانی قوربانیانی ئەمڕۆی لافاوی هەولێر دەربڕی و هیوای چاکبوونەوەی خێرای بۆ بریندارەکان خواست.

لە پەیوەندییەکەدا، گفتوگۆ دەربارەی ئەو ڕێکارانە کرا کە حکومەتی هەرێمی کوردستان گرتوویەتەبەر بۆ بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکە. سەرۆک وەزیرانی فیدرال، دڵنیاییدا کە حکومەتی فیدرالی، هەر ڕێکارێکی پێویست بێت ئەنجامی دەدات بۆ هاوکاریکردنی دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی زیانەکانی کارەساتی لافاوەکە.

لە پەیوەندییەکەدا، هەروەها جەخت لە گرنگیی پەرەپێدانی هەماهەنگی نێوان حکومەتی فیدرالی و حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەموو ئاستەکاندا کرایەوە، لە پێناو دابینکردنی ئاسایش و سەقامگیریی و بەرژەوەندیی گشت پێکهاتەکانی عێراق.

ھەواڵی زیاتر