شەوی رابردوو لە گەڕەکی ئاشتیی شاری سلێمانی، شەڕەتەقە لە نێوان دوو هێزی ئەمنی روویدا، بەو هۆیەوە کەسێک گیانی لەدەستداوە و سێ کەسیش برینداربوون.
سەرەچاوەیەکی ئاگادار لە هێزە ئەمنییەکان رایگەیاند، شەڕە تەقەکان لە نێوان چەند کارمەندێکی هێزی کۆماندۆ و لیوای ئاڵتوونی بووە، بەو هۆیەوە کارمەندێکی هێزە ئەمنییەکان کوژراوە و سێ کارمەندی دیکەش بریندار بوون.
ئەو کەسەی لە شەڕەکەی دوێنێ شەو بریندار بووە، ناوی ئاراس سدیقە و لە دایکبوی 1990ە، پاسەوانی کوڕی شێخ جەعفەر، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستانە و شۆفێرە.
بەپێی زانیارییەکان، تاوەکو درەنگانی شەوی رابردوو هەردوو لایەنی شەڕکەر لەگەڵ بافڵ جەلال تاڵەبانی، هاوسەرۆکی یەکێتی لە کۆبوونەوەدابوون بۆ چارەسەرکردنی کێشەی نێوانیان.
سەرەتای بیستنی دەنگی تەقەکان، دەگوترا تەقە لە مەڵبەندی یەکێتی کراوە، بەڵام ئەوکات سەرچاوەیەک لە ناو مەڵبەندی یەکێتی رایگەیاند، تەقەکان لە مەڵبەند نەکراون، بەڵکو لە دووری مەڵبەند تەقە کراوە.
“هێزێکی زۆر کە جلی رەشیان لەبەر بووە، لە شوێنی رووداوەکە بڵاوەیان پێکرابوو”.
لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو ئێستا لە سلێمانی ئەمە سێیەمجارە شەڕ لە نێوان هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی روودەدات، بەهۆیەوە دوو کارمەندی هێزە ئەمنییەکان کوژراون و 17 کارمەندیش برینداربوون.
رووداو