سوپای ئەمریکا: هێزەکانمان لە عێراق دەمێننەوە

فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا رایدەگەیەنێت، هێزەکانی وڵاتەکەی لە عێراق دەمێننەوە.

جەنەراڵ فرانک ماکێنزی، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا بە ئاژانسی (ئەسۆشێیتد پرێس)ی راگەیاندووە: دوای 31-12-2021، ئەرکی هێزەکانی ئەمریکا لە هێزی شەڕکەرەوە بۆ مەشق و راوێژپێکردن دەگۆڕێت.

جەنەراڵ فرانک ماکێنزی هەروەها رایگەیاندووە: ئێستا دوو هەزار و 500 سەربازی ئەمریکی لە عێراقن و دوای 31ـی 12ش هەر لە عێراق دەمێننەوە بەڵام ئەرکەکەیان دەگۆڕێت.

ئەو فەرماندە ئەمریکییە پێشبینیی بەردەوامبوونی هێرشی میلیشیاکانی حەشدی شەعبیی نزیک لە ئێران بۆ سەر ”هێزە ئەمریکی و عێراقییەکان“ کردووە و رایگەیاندووە: ”رەنگە ئەو هێرشانە بۆ چەند مانگێک بەردەوام بن“.

جەنەراڵ فرانک ماکێنزی هەروەها رایگەیاندووە: ئەو میلیشیایانە دەیانەوێ هێزەکانی ئەمریکا بە تەواو لە عێراق بچنە دەرەوە، ”بەڵام هێزەکانمان ناکشێنینەوە و رەنگە تا کۆتایی ئەم مانگەش میلیشیاکان کاردانەوەیان دژی هێزکانمان هەبێت“.

فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا جەختی لەوە کردووەتەوە، کە عێراقییەکان ”هێشتا داوامان لێدەکەن بمێنینەوە، بۆیە دەتوانین لەسەر مانەوەی هێزەکانمان رێک بکەوین“.

جەنەراڵ فرانک ماکێنزی هۆشداریی داوە لەوەی رێکخراوی تیرۆریستی داعش بەردەوامە لە خۆبەهێزکردنەوە و رەنگە بە ناوی نوێ دەربکەوێتەوە.

ھەواڵی زیاتر