ھۆتێل لالەزار لە سلێمانی لەبارەی تێکەڵکردنی ھۆتێلەکەیان بە ڕووداو و ململانێ ناوخۆییەکانی یەکێتی ڕوونکردنەوە دەدات و ڕەتیدەکاتەوە میلیشیاو تۆمەتباری تێدابێت و ئاڵتوونی تێدا شاردرابێتەوە.
دەقی ڕوونکردنەوەی ئيدارەى هۆتێل لالەزار
وەک ئاشکرایە لە دوای ڕووداوەکانی ٨ـی تەمووزەوە، بە شێوەیەکی مەبەستدار و بۆ ناوزڕاندنی هۆتێلەکەمان، ناوی هۆتێل (لالەزار) تێکەڵ بە ڕووداو و ململانێ سیاسییەکان کراوە، کە ئەمەش ئێمەی نیگەران کردووە، ئامانجی سەرەکی ئيمه خزمەتکردن بووە بە بواری گەشتوگوزار لە شاری سلێمانی و پێشوازیکردن لەو میوانانەی کە ڕوودەکەنە شارەکە، بەڵام بەداخەوە لە ئێستادا لە لایەن چەند کەسێک کە پۆست و پێگەی سیاسییان هەیە، لە ڕێگەی میدیا چەواشەکار و پەیجە بێ دایک و باوکەکانیانەوە لە سۆشیال میدیا، هەر ڕۆژێک بە جۆرێک ناوی هۆتێلەکە دەزڕێنن، جارێک دەڵێن میلیشیای تێدایە و تۆمەتباری تێدا حەشاردراوە و جارێکیش دەڵێن ژێرزەمینەکەی ئاڵتوونی تێدا شاردراوەتەوە، کە ئەمانە هەمووی تۆمەتی ناڕەوا و بێبنەمان، کە جگە لە زیانی مادی، لە ڕووی مەعنەوییەوە زیانی زۆری بە هۆتێلەکە گەیاندووە، بە پێویستی دەزانین بەم ڕوونکردنەوەیە هەموو لایەک ئاگادار بکەینەوە کە (لالەزار) یەکێکە لە هۆتێلە پڕ لە خزمەتگوزارییەکانی شاری سلێمانی کە لە ئاستێکی بەرزدا پێشوازی لە گەشتیاران و میوانەکانی دەکات، بۆ پارێزگاریکردن لە ناو و ناوبانگی هۆتێلەکەشمان، لەمەودوا هەر کەس و لایەنێک ناوی هۆتێل لالەزار بزڕێنێت، سکاڵای یاسایی لەسەر تۆمار دەکەین، بۆ دڵنیایی هەموو لایەک داوا لە لایەنی پەیوەندیدار دەکەین لە ڕێگەی لیژنەیەکەوە سەردانی هۆتێل لالەزار بکەن و ڕاستییەکانی بۆ هەموو لایەک بخەنە ڕوو کە لالەزار هیچ پەیوەندییەکی بەو ڕووداو و ململانێ سیاسییانەوە نەبووە و نییە.
لەگەڵ ڕێزدا
ئيدارەى هۆتێل لالەزار